خۆپیشاندان سێکتەری پۆشاکی بەنگلادیشی پەکخستووە

خۆپیشاندان سێکتەری پۆشاکی بەنگلادیشی پەکخستووە

00:00/00:00

پووختەى هەواڵەکە

  • کرێکارانی کارگەی پۆشاک لە بەنگلادیش داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن.

  • کەمترین مووچەی کرێکارانی پۆشاک لە بەنگلادیش 100 دۆلارە.

  • خۆپیشاندەران داوا دەکەن کەمترین مووچە بۆ 240 دۆلار زیادبکرێت.


بەنگلادیش، لە دوای چین، دووەم هەناردەکاری پۆشاکە لە جیهاندا، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە، سێکتەری پۆشاکی بەنگلادیش کە بە بزوێنەری ئابووری وڵاتەکە دادەنرێت پەکی کەوتووە، دوای ئەوەی کرێکاران لە کارگەکانی پۆشاکدا دەستیان بە خۆپیشاندانی بەرفراوان کرد و داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن.


ئەمڕۆ چى ڕوویدا؟

  • پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویدا.

  • بەشێک لە خۆپیشاندەران ڕێگەکانیان داخست و بەرەو ناوچەی پیشەسازی لە گازیپور لە لیواری داکای پایتەخت بەڕێکەوتن.

  • پێش ئەوەی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگی بڵاوەیان پێبکات.

بڕیارى زیادکردنى کرێى کرێکارانى دروستکردنى پۆشاک

  • ڕۆژی چوارشەممە، بڕیاردرا، کەمترین مووچەی مانگانە بە بڕی 36% زیادبکرێت.

  • واتە بکرێت بە 17 هەزار تاکای بەنگلادیشی کە یەکسانە بە 136 دۆلار.

  • لە کاتێکدا کەمترین مووچە 12 هەزار و 500 تاکای بەنگلادیشییە کە دەکاتە 100 دۆلار.

  • بڕیارەکە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

  • خۆپیشاندەران داوای 30 هەزار تاکا دەکەن بۆ کەمترین مووچە.

  • کە یەکسانە بە نزیکەی 240 دۆلاری ئەمریکی.

ئەو مووچەیە بەشناکات

کرێکارەکان دەڵێن مووچەکانیان پێداویستییەکانی ژیانیان پڕناکاتەوە، لە کاتێکدا نرخی خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، گواستنەوە و چاودێری تەندروستی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

پیشەسازیی پۆشاک، کە پۆشاک بۆ ملیۆنان بەکارهێنەر لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکای باکوور دابین دەکات، ڕەگی ژیانی ئابووریی بەنگلادیشە، بەوپێیەی چوار لەسەر پێنجی داهاتی هەناردەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت و هەلی کاری بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن کەسیش ڕەخساندووە.

کۆمەڵەی بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی پۆشاکی بەنگلادیش ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکان زیانی خەمڵێنراوی 428 ملیۆن دۆلاریان بە پیشەسازییەکە گەیاندووە، لە کاتێکدا بە بەهای 254 ملیۆن دۆلار داواکاری گواستراونەتەوە بۆ وڵاتانی دیکە.

شێوە عومەر

Thu Nov 26 2026

Loading related news...