
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. بەرهەمم محەمەد محەمەد، پسپۆڕی ورد لە نەشتەرگەریی هەرس و جگەر، باسی لە چەند جۆرێکی جیاوازی ئازاری سک کرد و چەند رێنماییەکیشی خستەڕوو.
ئازاری سەر گەدە یەکێکە لە ئازارە باوەکان، بەڵام زۆر کەس وادەزانن کە ئازاری سەر گەدەیان هەبوو ئەوا گرفتی گەدەیان هەیە، راستە دەکرێت گرفتەکە نەخۆشییەکی گەدە بێت وەکو برینی گەدە، بەڵام دەشکرێت سەرچاوەیەکەی هەر یەکێک لە سوورێنچک، زراو، بۆریی زراو، دوازدەگرێ و پەنکریاسیش بێت.
بە گشتی ئەگەر ئازارەکە لە دوو هەفتە کەمتری خایاند و کەسەکە پێویستی بە ئازارشکێن هەبوو، ئەوا سەرچاوەکەی گەدەیە.
ئەگەر ئازارەکە تیژ و توند بوو، ماوە ماوە هات و رۆشت، بەتایبەتیش ئەگەر لە پاش خواردنی خۆراکێکی چەور کەسەکە ئازارەکەی بۆ هات، ئەوا گرفتەکە زراو یان بۆریی زراوە.
ئەگەر کەسێک تووشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو دەم بوو، بەتایبەتی لەکاتی خەوتندا، کەسەکە بۆریی سوورێنچکی شلبووەتەوە.
ئەگەر کەسێک ئازاری درێژخایەنی گەدەی هەبوو، واتە لە دوو هەفتە زیاتری خایاند، پێویستە بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکات، ئەو بەدواداچوونەش لەڕێگەی سەردانکردنی پزیشکی پسپۆڕ و ئەنجامدانی ناوبینییەوە دەکرێت.
بە گشتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 45 ساڵەوەیە، ئازاری توندی سکیان هەیە و شەوان خەبەریان دەکاتەوە، کێشیان دابەزیوە بەبێ هیچ پلانێک، پیساییەکەیان رەشبووە، رشانەوەیان هەیە و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە لەم دۆخەدان، پێویستە ناوبینیی گەدە بکەن.
