
دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق، لە سەر دوو سکاڵاى تایبەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەى خشتەى کارەکانى دادگاى فیدراڵى عێراق، بڕیارە 14ى ئەم مانگە، دادگاکە دانیشتنێک لە بارەى دوو سکاڵاى ژمارەیەک فەرمانبەرى هەرێمى کوردستان، سازبکات، کە لە سکاڵاکانیاندا داواى دوورخستنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیان کردووە لە ململانێ سیاسییەکان، هەروەها لە سکاڵاکەى دیکەیاندا داواى دەرکردنى فەرمانسالارى کراوە.
هەر بە گوێرەى راگەیەندراوەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، سکاڵاکارانى دۆسییەکە بریتین لە دلاوەر عەلى محەمەد و زریان عەلى محەمەد و سامان عەلى ساڵح و رەمەزان عەبدولرەحمان و کاروان ئەحمەد سلێمان.
هاوکات، ئاشکرایکردووە، لایەنى سکاڵالێکراو، بریتییە لە محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژى سێشەممە، 8ى تەمموزى 2025، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى باڵا لە شەش وەزیر بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێکهێندرا و دوێنێش لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسى داواکاریی هەولێر و بەغداد تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوت و بڕى پێویستى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و رادەستکردنى داهاتە فیدراڵییەکان لە لایەن هەرێمى کوردستان و تەوتینکردنى مووچەى مووچەخۆران تاوتوێکرا.
پاشان دواى کۆبوونەوەکە، لیژنەکە جەختى لە بەردەوامی گفتوگۆی زیاتری هونەری و کارگێڕی بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرى گونجاو کردەوە، بە شێوەیەک ماف و شایستەکانى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بپارێزرێت، هاوشێوەى هاوتاکانیان لە پارێزگاکانى دیکە لە چوارچێوەى یەک سیاسەتى دارایی گشتیی لە وڵاتدا.

