
پەرلەمانی فەڕەنسا ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە لە دزییە گەورەکەی ساڵی ڕابردووی مۆزەخانەی لۆڤەری بڵاوکردەوە، دەڵێت، کەمتەرخەمی ئاسانکاریی کردووە بۆ ئەنجامدانی دزییەکە و بووەهۆی ئەوەی بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار خشڵ و زێڕی گرانبەها بدزرێت.
ئەلیکساندەر پۆرتێر و ئەلێکسیس کۆربیێر، کە بەرپرسی لێکۆڵینەوەکە بوون لەو دۆسیەیە، دوای 70 دانیشتنی گوێگرتن و وتە وەرگرتن، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی خۆیان کردووە و ڕەخنەیان لە مانەوەی بەڕێوبەری مۆزەخانەکە گرت لە پۆستەکەیدا.
لۆرانس دیکار، پێشتر داوایکردبوو لە پۆستی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی لۆڤەر لاببرێت، بەڵام ئیمانوێل ماکرۆن داواکارییەکەی ڕەتکردبووەوە.
پۆرتێر، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "دزییەکەی لۆڤەر تەنیا ڕووداوێک نەبووە، بەڵکو شکستی سیستمی چاودێریی مۆزەخانەکەیە و بەرپرسانی مۆزەخانەکە کەمتەرخەم بوون لە هەستکردن بە مەترسییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئێستاشەوە ئیدارەی مۆزەخانەکە بەدەست کەموکوڕییەوە دەناڵێنێت و دەبوو بەڕێوبەری مۆزەخانەکە دەست لەکار بکێشێتەوە.
تاوەکو ئێستا هەموو ئەنجامدەرانی دزییەکەی لۆڤەر دەستگیر نەکراون و ئەو هەشت پارچە خشڵەی دزراوە، نەگەڕێنراونەتەوە، پۆلیسی فەڕەنسا چوار کەسی بە تۆمەتی دزییەکە دەستگیرکردووە و گومان دەکرێت دووانیان ئەنجامدەری دزییەکە بن.
