63 ساڵ لەمەوبەر بکوژەکەی جۆن کێنیدی لە بەردەم کامێراکاندا کوژرا

پووختەى هەواڵ

  • ڕووداوەکە تەنیا دوو ڕۆژ دوای تیرۆرکردنی جۆن کێنیدی بوو.

  • ڕووداوەکە بووە یەکەم کوشتن لە مێژوودا کە ڕاستەوخۆ لە کەناڵەکانەوە بگوازرێتەوە.

  • بکوژەکەی جۆن کێنیدی بەبێ دادگاییکردن کوژرا.


لە بەردەم چاوی ملیۆنان بینەردا و لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆندا، 63 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، بکوژەکەی جۆن کێنیدی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، بەر لەوەی تەنانەت یەک وشە لە بەردەم دادگادا بڵێت، لە ناو دەستی پۆلیسدا کوژرا.


وردەکاریی ڕووداوەکە:

  • تەنیا 48 کاتژمێر بەسەر تیرۆرکردنی جۆن کێنیدی، 35ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تێپەڕیبوو.

  • هێشتا وڵاتەکە لە ناو شۆک و ماتەمینیدا بوو کاتێک پۆلیسی شاری داڵاس لە ویلایەتی تەکساس بڕیاری دا لی هارڤی ئۆزواڵد، تۆمەتباری سەرەکیی تیرۆرکردنەکە، لە بنکەی پۆلیسەوە بۆ زیندانی ناوچەکە بگوازێتەوە.

  • کاتژمێر 11:21 خولەکی پێشنیوەڕۆ، لە ژێرزەمینی بنکەی پۆلیسدا و لەناو ئاپۆرای ڕۆژنامەوانان و کامێراکاندا، پیاوێک بە چاکەت و کڵاوێکەوە لە ناو قەرەباڵغییەکە هاتە پێشەوە، دەمانچەکەی دەرهێنا و ڕاستەوخۆ فیشەکێکی نا بە سکی ئۆزواڵدەوە.

بۆچی ئەو کارەی کرد؟

  • تەقەکەرەکە ناوی جاک ڕوبی بوو، خاوەنی یانەیەکی شەوانە بوو لە داڵاس.

  • دواتر پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە لە تووڕەیی و خەمی کوژرانی کێنیدیدا ئەو کارەی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات جاکلین کێنیدی ناچار بێت لە دادگادا بچێتەوە پێش چاوی بکوژی هاوسەرەکەی.

  • لە سەیرترین ڕێکەوتەکانی مێژووشدا، ئۆزواڵد بە پەلە گەیەنرایە نەخۆشخانەی پارکلاند و هەر لەوێ گیانی لەدەست دا؛ ڕێک هەمان ئەو نەخۆشخانەیەی کە تەنیا دوو ڕۆژ پێشتر، جۆن کێنیدی تێیدا گیانی سپاردبوو.

گومانەکان:

ئەم ڕووداوە نەک هەر بووە یەکەم تاوانی کوشتن کە لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆندا پیشانی ملیۆنان کەس درا، بەڵکو بە بێدەنگکردنی ئۆزواڵد پێش دادگاییکردنی، گومانی گەورەی لای ئەمریکییەکان دروست کرد کە ڕەنگە کوشتنەکەی بۆ شاردنەوەی نهێنییەکی گەورەتر بووبێت، ئەمەش بووە سەرەتای گەورەترین تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لە مێژووی نوێدا.

پرسیاری بێ وەڵام

دوای 63 ساڵ و بڵاوبوونەوەی هەزاران بەڵگەنامەی نهێنی، هێشتا پرسیارە گەورەکە بێ وەڵام ماوەتەوە: ئایا جاک ڕوبی بەڕاستی تەنیا لە خۆشەویستیی کێنیدیدا تەقەی کرد، یان ئەرکی ئەوە بوو نهێنیی تیرۆرکردنەکە بۆ هەمیشە لەگەڵ ئۆزواڵددا بنێژێت؟

پرژە عەتا

Tue Nov 24 2026

Loading related news...