
عەلى باپیر لەسەر دۆخى ئێستا عێراق و هەرێمى کوردستان چەند سەرنجێکى بڵاوکردەوە.
عەلى باپیر، ڕایگەیاند، قەوارەى هەرێم زادە و بەرهەمى خەبات و بەرخۆدانى خەڵکى کوردستانە.
عەلى باپیر، ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر قەوارەکەمان هەبێت لە ڕیزى پێشەوەى پارێزەرانیدا دەبین.
عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان، ڕاگەیێنراوێکى لە بارەى دۆخى ئێستاى عێراق و هەرێمى کوردستان بڵاوکردوەتەوە و تیایدا جەختیکردووەتەوە، خەڵکی عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە ڕێژەی 78.59٪ لە ساڵی 2005 بەڵێـیان بۆ دەستوور کردووە، بۆیە پێویستە سێبەر و مەرجیعی هەموو لایەک بێت لە هەموو حاڵەکاندا، دەشڵێت هەڵوێستی نەگۆڕ و چەسپاویان وەکو ڕابردوو لە ڕیز و سەنگەری خەڵک و جەماوەردا دەبن.
قەوارەی هەرێم زادە و بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان و بەشێک لە مافی شەرعی و ڕەوایانە و لە دەستووریشدا تەبەننی کراوە، بۆیە پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکە، هەرکات مەترسی لەسەر بێت ئێمەش -خوا پشتیوان بێت- لە ڕیزی پێشەوەی پارێزەرانیدا دەبین.
مەترسیی گەورەش لەسەر هەرێم و عێڕاق و هەر قەوارە و دەوڵەتێکی دیکەش، ستەم و بێدادی و چینایەتی و فەساد و قۆرخکارییە، لەمێژیشە ئەو قسەیەمان چەندان جار دووبارە کردووەتەوە و هۆشداریمان داوە.
خۆزگە هەردووک حیزبی حوکمڕان ماوەیەک لەمەوبەر کە دیدارمان پێکەوە بوو و دڵسۆزانە پێشنیازمان بۆ کردن، لە یەک هاتبانە پێش و لەسەر بناغەی حەق و دادگەری و خزمەتی خەڵک و دابینکردنی پێداویستی و مافە سەرەتاییەکانیان، دەنگ و سەنگی خۆیانیان یەک خستبایە!
هەڵوێستی نەگۆڕ و چەسپاویشمان -وەک ڕابردوو- لە ڕیز و سەنگەری خەڵک و جەماوەردا بوونە، بەتایبەت چینە چەوسێندراوە و بێبەش و مەینەتبارەکان کە زۆرینە پێک دەهێنن، هەرگیزیش نەبووین و نابینە پارسەنگی تای تەرازووی هیچ هێز و لایەنێک، بەڵام هەتا بڕستمان هەیە دژی قۆرخکاری و فەساد و بە ڕێی ناڕەوا و قاچاغدا بردنی خێروبێر و سامانی وڵاتین.
بۆ چارەسەری دۆخەکەش پێویستە تاکە ڕێمان گەڕانەوە بۆ دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکان بێت، بەتایبەت مەحکەمەی ئیتتیحادی، کەسێکیش حەقی بوێت هەرگیز لە دادگەری و دەستوور و یاسا ناترسێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم: با وەڵامی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بۆ والییەکەی لە شاری (حمص) کە داوای لێ کردبوو بۆ تازەکردنەوەی قەڵا و شوورەی شارەکە هاوکاری بکات، بکەینە پەند، کە بۆی نووسیبوو: (حصّنها بالعدل، ونقِّ طرقها من الظلم؛ فإنه مَرَمَّتُها)، واتە: بەدادگەری قایمی بکە و ڕێوبانەکانی لە ستەم پاک بکەوە، ئا ئەوە نۆژەنکردنەوەکەیەتی.
