
ڕیاڵ مەدرید نادال وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی دیاری دەکات.
نادال لە 2011ـەوە ئەندامی فەخری یانەی شاهانەیە.
بڕیارە لە 21ـی نۆڤێمبەر ئەندامانی یانەکە ئەو بڕیارە پەسەند بکەن.
پێشتر نادال ئارەزووی خۆی بۆ سەرۆکایەتی یانەکە دەربڕی بوو.
یانەی ڕیاڵ مەدرید بەنیازە ڕافائێل نادالی تەمەن 40 ساڵ و ئەستێرەی خانەنشینکراوی تێنس، وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی یانەکەی دیاری بکات. نادال کە خاوەنی 22 نازناوی گراند سلامە، لە 2011ـەوە ئەندامی فەخری یانەکەیە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەیە.
ڕیاڵ مەدرید لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، جێگەی شانازییەکی گەورەیە کەسایەتییەکی وەک نادال کە سیمبولی وەرزشی ئیسپانیا و جیهانە، پەیوەندی بە ئەنجوومەنەکەیانەوە بکات بۆ خزمەتکردنی ئێستا و داهاتووی یانەکە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەندامانی یانەکە لە کۆبوونەوەی 21ـی نۆڤێمبەردا ئەم بڕیارە پەسەند بکەن. نادال لە 2023 ئارەزووی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید دەربڕی بوو، بەڵام دواتر ڕەتیکردەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ خۆی بەربژێر بکات، کە تیایدا پێرێز سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
