
لە گەڕى سێیەمى یارییەکانى جامى یانەکانى کەنداو، ئەمڕۆ چوارشەممە یانەى هەولێر لە یاریگەى خۆیدا میوانداریی یانەى کازمەى کوەیتى دەکات.
یارییەکە کاتژمێر٢٠:٠٠ دەستپێدەکات، و پێشبینى دەکرێت هاندەرێکى زۆر لە یارییەکە ئامادەبن و بە تایبەت بۆ پاڵپشتیی و هاندانى یانەى هەولێرى خاوەن یاریگە.
هەولێر لە گەڕى یەکەمى یارییەکان لە دەرەوەى یاریگەى خۆیدا بەر امبەر عەجمانى ئیماراتى دووچارى شکست بوو، لە گەڕى دووەم لە خشتەى یارییەکان دەبوو میوانداریی یانەى ئیتیفاقى سعودى بکات بەڵام یانە سعودیەکە بە پاساوى دۆخى ئەمنى ناوچەکە گەشتى شارى هەولێرى ئەنجام نەداو یارییەکەش بەڕێوەنەچوو.
یانەى کازمەى میوان لە دەستپێکى ئەم خولەوە ئەنجامەکانى وەک پێویست نییە و لە هەردوو یارییەکەى گەڕى ڕابردووى خولەکە دووچارى شکست بووە.