
لە هەولێر تەرمى منداڵێک کە لافاو بردبووى دۆزرایەوە.
مەسروور بارزانى بەدواداچوون بۆ کەشى نائاسایی هەولێر دەکات.
لە شاری هەولێر تەرمى منداڵێک کە لافاو بردبووى دۆزرایەوە، شۆفێری شۆفڵێکی خۆبەخشیش گیانی لەدەستدا بەهۆی لافاوەوە، سەرۆکی حکومەتى کاربەڕێکەریش پەیوەندى بە پارێزگارەوە دەکات و بەدواداچوون بۆ کەشی نائاسایی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکات.
بەهۆى بارانبارینى بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکى هەولێر دروستبوو.
ئاو چووەتە نێو چەندین ماڵ و شوێنى گشتى.
چەندین ئۆتۆمبێلیش ئاویان تێچووە.
تەرمى منداڵێکیش کە لافاو لە گەڕەکى هەولێرى نوێ بردبووى، دۆزرایەوە.
هاوکات شۆفێری شۆفڵێکیش کە خۆبەخشانە بۆ هاوکاریی خەڵک هاتبوو، بە هەمانشێوە بەهۆی زۆریی لافاوەکەوە گیانی لەدەستدا.
بۆ بەدواداچوونی کەشی نائاسایی شەوی ڕابردووی شاری هەولێر و دەوروبەری بە هۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە هەندێک گەڕەک، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دۆخی شاری هەولێر و دورووبەری پرسی و سوپاسی تیمە جۆراوجۆرەکانی کرد بۆ بەهاناوەجوونی هاونیشتمانییان و زیانلێکەوتووان.
سەرۆکی حکومەتى کاربەڕێکەر، پارێزگاری هەولێریشی ڕاسپارد، هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ فریاکەوتنی خەڵک و پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاونیشتمانییان.
