ڕۆناڵدۆ وازى لە یاریکردن بۆ پۆرتوگال هێنا



دواى نزیکەى 23 ساڵ لە یارییکردن بۆ ڕیزەکانى هەڵبژاردەى پۆرتوگال، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ وازهێنانی لە یاریکردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند
رۆناڵدۆ لە ماوەى ساڵانى یارییکردنى بۆ پۆرتوگال 234 یاریی ئەنجامداوە و 146 گۆڵى بۆ هەڵبژاردەى وڵاتەکەى تۆمارکردووە

تەواوی پەیامە ماڵئاواییەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ


`بۆ پۆرتوگالییەک...


ئەو ڕۆژە هات کە درێسی ژمارە حەوتی هەڵبژاردەی نیشتمانی هەموومان بگەڕێنمەوە.

هەرگیز وام هەست نەکرد کە ئەم درێسە تەنیا هی من بێت، بەڵام بۆ ماوەی 23 ساڵ ئەو شانازی و شەرەفەم پێ درا کە لەبەری بکەم، بەرگریی لێ بکەم و سەرانسەری جیهاندا لەنێو یاریگەکاندا لەگەڵ خۆمدا هەڵیبگرم.

ئەمڕۆ کاتی ئەوە هات کە ڕادەستی داهاتووی بکەم...

ئەمە بڕیارێکی ئاسان نەبوو، چونکە هەندێک بڕیار هەن کە تەنیا بە مێشک نادرێن، بەڵکوو بە دڵیش دەدرێن.

گەییشتینە کۆتایی گەشتێک کە لە ئابی 2003 دەستی پێکرد و ژیانمی بۆ هەتاهەتایە گۆڕی.

کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە و بیر لە هەموو ئەو شتانە دەکەمەوە کە لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا ئەزموونم کردوون، تەنیا یاری، گۆڵ، ژمارەی پێوانەیی، یان دەستکەوت و جامەکان نابینم؛ بەڵکو مرۆڤەکان دەبینم. ئەو هاندەرانە دەبینم کە بۆ ماوەی 90 خولەک هەستیان دەکرد پورتوگال لێیانەوە نزیکترە.

لە کۆتاییدا، تۆپی پێ زۆر لە یارییەک زیاترە، تۆپی پێ بریتییە لە مرۆڤەکان، بە درێژایی هەموو مێژووم لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، هەوڵمدا سنوورەکانی خۆم تێپەڕێنم، دەمویست سەرکەوتوو بم، دەمویست باشترین بم، دەمویست مێژوو بنووسمەوە، هەمیشە داوای زیاتر و زیاترم لە خۆم دەکرد.

ملیۆنان هاووڵاتیی پورتوگالی هەن کە هەرگیز ڕووبەڕوو نەمبینیون، بەڵام بەشێک بوون لە ژیانم، چونکە لە کۆتایی هەموو شتێکدا، تۆپی پێ زۆر مەزنترە لە تەنیا یارییەک، تۆپی پێ واتە مرۆڤەکان.
لە تەواوی گەشتەکەمدا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، هەوڵم دا سنوورەکانی خۆم تێپەڕێنم. ویستم براوە بین، ویستم باشترین بم و ڕێڕەوی مێژوو بنووسمەوە.

خواست و داوکاری و مەترسییەکانیش لەسەر من زۆر بوون، منیش هەمیشە زیاترم دەویست، هەمیشە باوەڕم وابوو دەتوانین دوورتر بڕۆین، هەموو ئەوەی لە توانامدا بوو بەخشیم بەم درێسە.
ڕۆژان و شەوی مێژوویی هەبوون، سەرکەوتنی وا هەبوون کە هەرگیز لەبیریان ناکەم.

دۆڕاندنی واش هەبوون کە تا ئێستاش بیرهێنانەوەیان بۆم ئەستەمە، هەڵەشم کرد، ئازاریشم چەشت، ساتێکیش هەبوو کە نەمتوانی ئەوە بۆ گەلی پورتوگال بکەم کە ئاواتیان بۆ دەخواست، بەڵام هەرگیز کۆڵم نەدا، لە هەمووشی گرنگتر، هەرگیز لە هەستکردن بە شانازیی نوێنەرایەتیکردنی پۆرتوگال نەکەوتم.

لەم ساڵانەدا، فێری شتی زۆر سادە بووم: گۆڵەکان تێپەڕ دەبن، جامەکان لە موزەخانەکاندا دەمێننەوە، ژمارە پێوانەیییەکان دەشکێندرێن. بەڵام شتێک هەیە کە کات هەرگیز ناتوانێت بیسڕیتەوە، ئەو شوێنەی لە دڵی مرۆڤەکاندا داگیرمان کردووە.

ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵخۆشم کردبێتن، ئەگەر گۆڵێکی من وای کردبێت باوەش بە کەسێکدا بکەن، کێشەیەک لەبیر بکەن، یان بە سادەیی هەست بە شانازی بە وڵاتەکەتانەوە بکەن، ئەوا هەموو ماندووبوونەکان شایستە بوون، ئێمە پێکەوە ئازار دەکەشین، پێکەوە لەسەر پێ دەوستینەوە.

دووبارە باوەڕمان بۆ دەگەڕێتەوە، پۆرتوگال هەمیشە پێویستی بەو گەنجانە دەبێت کە خەونیان هەڵبژاردەی نیشتمانییە، ئەو یاریزانانەی هەرگیز کۆڵ نادەن، ئەو نەوە نوێیانەی باوەڕیان وایە دەکرێت بگەیتە شوێنێک کە کەس پێی نەگەیشتووە، چونکە وڵاتێک بەردەوام بێت لە دروستکردنی پاڵەوانی نوێ، وڵاتێکە کە هەرگیز لە باوەڕبوون بە خۆی ناکەوێت.

بۆ هاوڕێکانم لە هەڵبژاردەی نیشتمانی..

دەمەوێت پەیامێکی تایبەت جێبهێڵم. سوپاس بۆ ڕشتنی هەر دڵۆپی ئارەقەیەک، بۆ هەموو باوەشێک، بۆ هەموو دەمەقاڵێیەک، بۆ هەموو ئەو بێدەنگییەی پێش چوونە ناو یاریگە هەمانبوو، بۆ هەموو سەرکەوتنێک کە پێکەوە ئاهەنگمان بۆ گێڕا و بۆ هەموو دۆڕانێک کە بەهێزتری کردین، شەڕەفی ئەوەم پێبڕا کە کاپتنی ئێوە بم، بەڵام هیچ کاپتنێک بە تەنیا ڕێگا ناکات، ئێوە بەشێکن لە مێژووی من.

بۆ هەموو ڕاهێنەران، بەڕێوەبەران، پزیشکان، چارەسەرکارانی سروشتی، بەرپرسانی کەلوپەل، کارمەندان، و تەواوی ئەو کەسانەی لەم ساڵانەدا کاریان لەگەڵدا کردم، سوپاسگوزاریم ئاڕاستە دەکەم.

زۆربەتان هەرگیز لەناو ئەم وێنەیەدا دەرنەکەوتوون، بەڵام بێ ئێوە، هیچ دەستکەوتێک لەم وێنانەدا نەدەبوو.
بۆ خێزانەکەم، سوپاس کە هاوبەشی ئەم خەونە بوون لەگەڵمدا، سوپاس بۆ تێگەیشتنتان لە دوورکەوتنەوە و سەرقاڵبوونم، قوربانیدانەکانم. ئەو خولەکانەی کە هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆمارمان کرد مافی ئێوەشی تێدایە.
گەیشتنم بەم پێگەیە، بەهۆی ئەوە بوو کە هەردەم دەست لەناو دەست بووین.

بۆ پورتوگالییەکان، بۆ تەواوی پورتوگالییەکان لە سەرتاسەری جیهان، دەمەوێت شتێکی کۆتاییتان پێ بڵێم، وێنەیەک هەیە کە هەردەم لەگەڵ خۆمدا هەڵی دەگرم: ئەو خولەکەی سروودی نیشتمانی دەست پێدەکات، ئاوڕ دەدەمەوە، هاوڕێکانم دەبینم، پەیژەکانی یاریگا دەبینم، منداڵ، دایک، باوک و باپیران دەبینم، ئەو پورتوگالییانە دەبینم کە لە شوێنی زۆر دوورەوە هاتبوون تەنیا بۆ ئەوەی لەوێ بن.

لەو خولەکانەدا، ئێمە چیتر لە یەکتر جیاواز نین، هیچ یانەیەک نییە، هیچ ڕەنگێک نییە، هیچ چینێکی کۆمەڵایەتی، هیچ پیشەیەک و هیچ بۆچوونێکی جیاواز نییە. تەنیا یەک ئارەزوو و عەشق هەیە: پۆرتوگال.

ئەوە هەستێکە کە بۆ تەواوی ژیانم لەگەڵ خۆمدا هەڵی دەگرم، ئەمڕۆ، گەشتی من لەسەر چیمەنی یاریگە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی کۆتایی دێت، بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی دەکەم، شانازی بەو ڕێگەیە دەکەم کە بڕیومە و بەو ئاگادارییەی کە هەموو ئەوەی لە توانامدا بوو بەخشیم بە پۆرتوگال.

بەڵام هەرگیز لێتاەوە دوور نابم و هەر بەشێکم لە ئێوە، بەردەوام دەبم لە پەرۆشی، لە هاندان، لە ئاهەنگگێڕان بۆ هەموو سەرکەوتنێکی پۆرتوگال.
ژیانم تەرخان کرد بۆ ئەوەی کار بکەم تا ببمە باشترین یاریزانی جیهان، بەڵام ئەمڕۆ تێدەگەم کە مەزنترین سەرکەوتن ئەوە بوو کە شایستەی ئەوە بووم نوێنەرایەتی باشترین وڵاتی جیهان بکەم.

سوپاس بۆ ئەم 23 ساڵە.
سوپاس بۆ باوەڕبوونتان پێم.
سوپاس کە ڕێگەتان پێدام لەناو خەونێکدا بژیم کاتێک دەستی پێکرد تەنیا کوڕێک بووم لە مادێرا بەدوای تۆپێکدا ڕامدەکرد.
درێسی ژمارە حەوت دەمێنێتەوە، شانازیی لەبەرکردنی ئەو درێسە بۆ هەتاهەتایە بۆ من دەمێنێتەوە.
پۆرتوگال هەردەم لە ناخمدایە.
ماڵئاوایی بۆ هەمیشە.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.

هەرێز جەمال

Thu Nov 05 2026

Loading related news...