
شیعەکان چەندین بۆنەى تایبەتیان بە لە دایکبوون و کۆچى دوایى نەوەکانى پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) هەیە.
یادکردنەوەى فاتیمەى کچى پێغەمبەرى ئیسلام یەکێکە لە بۆنەکانیان.
ساڵانە بەبۆنەى بەشێک لە یادەکانەوە لە عێراق پشوو ڕادەگەیێنرێت.
حەوت پارێزگای باشووری عێراق، دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، خوێندنگە و زانکۆکانیان بۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕاگرت، ئەوەش بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی فاتیمەی کچی پێغەمبەری ئیسلام.
بەسرە، زیقار، بابل، دیوانییە، واست، نەجەف و کەربەلا.
ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکان لەو پارێزگایانە، فەرمانگەی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
موسڵمانانی شیعە مەزهەب، ساڵانە یادی فاتیمە دەکەنەوە، کە ناکۆکی هەیە لەسەر وادەی کۆچی دواییەکەى لەنێوان ڕۆژانی 3ـی جەمادی یەکەم و 3ـی جەمادی دووەمە.
لە پارێزگای نەجەف و لە نزیک مەزاری عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب کە دەکاتە هاوسەری فاتیمە، لە کەربەلاش لە مەزاری حسێن کوڕی عەلی، کە دەکاتە کوڕەزای پێغەمبەری ئیسلام و کوڕی فاتیمە، یادەکە دەکەنەوە.



