
نەتانیاهوو لە بەردەم تاقیکردنەوەی مان و نەماندایە.
هاوکێشەکانی 26هەمین هەڵبژاردنی ئیسرائیل بە ناڕوونى ماونەتەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا 120 ئەندامى نوێى کنێست هەڵدەبژێردرێت.
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئیسرائیل زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە.
حیزبەکانى یەشار و لیکۆد ڕکابەرى سەرەکى هەڵبژاردنەکەن.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە نزیکەی 17 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، ڕۆژى سێشەممەى داهاتوو، 27ـى تشرینى یەکەم، ڕووبەڕووی چارەنووسسازترین تاقیکردنەوەی سیاسیی ژیانی دەبێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 26هەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیسرائیل کنێست بەڕێوەدەچێت.
لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، خۆی وەک تاقە سەرکردەی بەهێز پیشاندەدات.
تاکو بتوانێت لە ناوەڕاستی جەنگ و مەترسییە دەرەکییەکاندا ئیسرائیل بەرەو پێشەوە ببات.
لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن دروشمی گەڕاندنەوەی ئیسرائیل بۆ هۆشی خۆی بەرزدەکەنەوە.
ئۆپۆزسیۆنى ئیسرائیل دەیانەوێت کۆتایی بە هەژموونی بەردەوامی تاک لایەنى بهێنن.
ئەم هەڵبژاردنە بایەخێکی گەورەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی هەیە.
ئەنجامەکەی و پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو، نەخشەی ڕێگەی ئاشتی و جەنگ لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری دەکات.
پڕۆسەی دەنگدانەکە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ئیسرائیل هێشتا لە ژێر کاریگەریی سەختی ڕووداوەکانی 7ـى ئۆکتۆبەری 2023دایە.
زیاتر لە سێ ساڵە لە جەنگی بەردەوامدا دەژی.
بەرەی ڕاستڕەوی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهوو ناخوازێت دان بە شکستدا بنێت.
دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری لە سایەی حکومەتەکەی ئەودا پاشەکشەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە.
لە دوای ساڵی 1988ـەوە بە هۆی قەیرانی سیاسیی بەردەوامەوە، لانیکەم 14 هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەچوون، کە چواریان تەنیا لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا بوون.
لە کۆی 10 ملیۆن و 240 هەزار دانیشتووی ئیسرائیل، 7 ملیۆن و 331 هەزار و 981 کەس تەمەنیان لە سەروى 18 ساڵەوەیە و مافی دەنگدانیان هەیە.
هەروەها هەر هاووڵاتییەکی سەروو 21 ساڵ دەتوانێت لە ڕێگەی حزبێکەوە خۆی بەربژێر بکات، کە هەر حزبێک مافی هەیە تاوەکو 120 بەربژێر پێشکەش بکات.
سستمی یەک بازنەیی و هەڕەشەى ئەلیکترۆنى وایکردووە، هەڵبژاردنەکە بەدەستى بەکرێت، تەواوی وڵاتەکەش یەک بازنەی هەڵبژاردنە. دەنگدان کاتژمێر 7ـى ڕۆژی سێشەممە دەستپێدەکات تاوەکو 10ـى شەو بەردەوام دەبێت، لە 12 هەزار و 18 بنکە.
37 لیستی هەڵبژاردن ڕکابەری لەسەر 120 کورسییەکەی کنێست دەکەن. هەر لیستێک پێویستە ڕێژەی یەکلاکەرەوەی 3.25% بێت تاوەکو بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.
حزبی یەشار کە پارتێکى ئۆپۆزسیۆنی نوێیە، بە سەرۆکایەتیی گادی ئیسنکوت، سوپاسالاری پێشووی سوپای ئیسرائیل کە یەکەمجارە بەشداری دەکات، پێشبینى دەکرێت، ببێتە حزبی یەکەم و 22 بۆ 25 کورسی بەدەستدەهێنێت.
حزبی لیکۆدى نەتانیاهووش کە لە ساڵی 2009ـەوە لە دەسەڵاتە، بەگوێرەى ڕاپرسییەکان دەنگەکانی بەشێوەیەکى بەرچاو دادەبەزێت و ئەو 34 کورسییەى هەیبوو دەبێتە 18 بۆ 20 کورسی.
هەرچى هاوپەیمانیی بیحاد ـە بە سەرۆکایەتیی بێنێت و لەپید، کە ئێستا لە پەرلەمان 24 کورسییان هەیە، پێشبینی دەکرێت کوسییەکانیان بۆ نیوە دابەزێت و تەنیا 12 کورسی بەدەستبهێنن.
سەرەڕای هەموو ئەم ئاماژانە، ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە هیچ یەکێک لە پارتەکان ناتوانن دەنگى 50+1 بەدەستبهێنن، ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ململانێی توندی دەسەڵات لە نێوان بەرەی نەتانیاهوو و بەرەی ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەوانەى نیازى گۆڕانکارییان هەیە بەردەوام دەبێت.
چوار سیناریۆ نەخشەی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل دەکێشن
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ناوچەکە
سوپاسالاری پێشوو بووەتە ڕکابەری سەرەکی نەتانیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا



