
لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردانەوەی بڕیارەکانی عەلی زەیدی بەردەوامن.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی ڕێکارە کارگێڕییەکان دەکەن، بەڵام دژی ناردنی هێزن.
لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی بڕیارەکانی زەیدییان لەبارەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە ڕەتکردووەتەوە.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕەتیکردەوە چوارچێوەکە پاڵپشتیی ناردنی هێز بکات؛ ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنی بە ئەگەر و پێشهاتی چاوەڕوانکراو دانا، “بەڵام ناردنی هێز و چارەسەرکردن بە ڕێگەی هێزی بە کارێکی بێئەنجام" ناوبرد.
ئێمە لە چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیی چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی دەستوور و یاسا دەکەین.
دەستووریش لەسەروو هەمووانەوەیە.
هەر بڕیارێک لەسەر هەرێمی کوردستان یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق بدرێت، پێویستە پشت بە دەستوور ببەستێت و دەستوور ڕێگەی پێبدات.
لەگەڵ ئەوەی ڕەتیکردەوە کە دژی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بن، بەڵام پاڵپشتیشی نەکرد. ئاماژەی بەوەش کرد هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووریی عێراقە و مافی دەستووریی هەیە لە بودجە، مووچە و ئەو سامانەی لە خاکی عێراق و هەرێمدا هەیە، بەڵام دەبێت سامانی هەموو شوێنێکی وڵات بەگوێرەی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئێمە لەگەڵ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی هەر ناکۆکییەکداین.
بۆچوونم وانییە دەست ببرێت بۆ ناردنی هێز، هەرێمی کوردستان خۆی پێشمەرگە و پاسەوانی سنووری هەیە.
دەکرێت کێڵگە نەوتییەکان و دەروازەکان و هەر ناکۆکییەکی دیکە بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن چارەسەر بکرێن و ئێمەش ئەوەمان دەوێت.
بڕیارەکان دژی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو هەندێک داواکاری و ڕێکاری دەستوورین لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانەوە.
بڕیاری لەو جۆرە بە ڕاوێژ و پەسەندکردن لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەدرێت و بڕیارەکەش نە تاکەکەسییە و نە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی کوردستانە.
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانەوە سەبارەت بەو بڕیارانە، هەرچەندە بە گرنگ وەسفی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، ئەوانە لە کۆتاییدا هەر قسەن، ئەوەی دەبێت بکرێت لەناو خاکی عێراقدایە و دەبێت عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە خۆیان چارەسەری بکەن و باشترین چارەسەریش گفتوگۆیە.
دادگای فیدڕاڵی: ڕێکارەکانی عەلی زەیدی دەستوورین
جەعفەر ئیمینکی: ئەگەر ئەمە بۆ زەیدی بچێتە سەر واتە ئێمە نەتەوە نین