
بڕیارە ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، دادبینى بۆ سکاڵاى "گرانى نرخى کارەبا لە هەرێمى کوردستان" بکات، کە لەلایەن بەربژێرێکى دەرچووى کۆمەڵى دادگەرییەوە تۆمارکراوە.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت دەبێت بە گرانى نرخى کارەبا لە هەرێمى کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن عومەر گوڵپى، بەربژێرى دەرچووى کۆمەڵى دادگەری بۆ پەرلەمان لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. عومەر گوڵپى لە بەغدادەوە بە کەناڵ8ـى گوت، "بەشدارى لە دانیشتنەکەى دادگا دەکەم و بەڵگەى پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى گرانکردنى کارەبا دەخەمەڕوو".
گوتیشى، "چاوەڕوانم دادگا لە بەرژەوەندیى هاونیشتمانییان بڕیار بدات و حکومەت پابەند بکات بەوەى کارەبا بەنرخى حکومى نەک بە نرخى بازرگانى دابینبکات".
گوڵپى لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات، بڕیاری ژمارە (280)، کە لە رۆژى 14ـى ئایارى 2025 دەرچووە بە نادەستووری بناسێنێت و پابەندبێت بە دابینکردنی کارەبا بۆ هاونیشتمانییان بەگوێرەى ئەو نرخانەی لە رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2021دا ئاماژەی پێکراوە.
رۆژى 14ـى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان نرخى یەکەى کارەباى لە پرۆژەى رووناکى پەسەند کرد، کە نرخى هەر کیلۆواتێک لە 72 دینارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 350 دینار دەبێت.




