عەلى باباجان: ئامانجى سەردانەکەم بۆ هەولێر و سلێمانى بەرقەراربوونى ئاشتییە.
عەلى باباجان: ئێمەى میللەتانى ناوچەکە پێویستمان بە هاوکاریى یەکدییە.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤاى تورکیا، پاش بەشداریکردنى لە کۆڕبەندى ستراتیجیى سلێمانى ڕایگەیاند، سەردانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى کردووە و لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتى نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبووەتەوە و ئامانجى سەردانەکەى بەرقەراربوونى ئاشتییە لە هەرێمى کوردستان.
ئێمەى میللەتانى ناوچەکە، لە تورک، عەرەب، کورد و فارس چارەنووسمان پێکەوەیە.
پێویستە خۆمان هاوکاریى یەکدى بکەین.
نەک ئەوانەى ماوەیەک بۆ بەرژەوەندى خۆیان دێن و دواتر بەجێمان دەهێڵن.
ئێستا ناوچەکە بە دۆخێکى ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت.
گرنگە هەرێمى کوردستان دۆخى ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت و هەوڵى بەرقەراربوونى ئاشتى بدات.
لە پێناو خۆشگوزەرانى تاکەکانى کۆمەڵگە و بەردەوامبوونى گەشەى ئابوورى ناوچەکە.
لە بارەى شارى سلێمانییەوە عەلى باباجان دەڵێت، "سەردانى چەند شوێنێکى سلێمانیم کردووە و ئەو جووڵەیەى لەم شارەدا بینیم، ئەوە دەخوازێت کە ناوچەکە بە ئاشتیدا تێپەڕێت و دەڵێت، ناوچەکە وەک بەهەشتى خودای گەورەیە بۆ دانیشتووانەکەى.
لە بارەى پڕۆسەى ئاشتییشەوە گوتى" دوو ساڵە پڕۆسەى ئاشتى دەستیپێکردووە و لە یەکەم ڕۆژەوە پشتیوانیمان کردووە و پڕۆسەکە وەک شەمەندەفەرێکە کە لە وێستگەکەى بەڕێکەوتووە، هەرچەندە بە هێواشى دەڕوات، بەڵام دەجوڵێت ئومێدمان هەیە بگاتە ئەنجام.