
بەغداد مووچەى مانگى 10ـى نارد.
وەزارەتى دارایى دابەشکردنى مووچە و گواستنەوەى بۆ سەر هەژمارى مووچەخۆران دەخاتە هەفتەى داهاتوو.
داهاتى نانەوتى بڕیوە و شایستەى مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی نەنێردراوە.
وەزارەتى دارایى ڕایگەیاند، بڕى 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژمارەکەیان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دینارى وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بڕیوە.
بڕی چوار ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دینارى نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
کاتی داخڵبوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەتمان کەوتە کۆتایی دەوامی فەرمی.
بەو هۆیەوە تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی فەرمی.
وەزارەتى دارایى ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێکاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندی عێراق بە سیستەمی ( ACH ) و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەش پێویستی بە ماوەی ڕۆژێکی تەواو هەیە.
بە گوتەى وەزارەتى دارایى، ئەوەش وادەکات تەواو کردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران بکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، چونکە ڕۆژی هەینی و شەممە پشووی فەرمییە لە بانکی ناوەندی عێراق و ناتوانرێت لە کاتی پشوودا ئەو ڕێکارانە بکرێت.
پێش ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى دارایى، کەناڵ8 بڵاویکردەوە کە پارەى مووچە نێردراوە.