
کاراکردنەوەى پەرلەمان بەبێ سازان کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە.
د. یوسف گۆران لە نووسینێکدا قسە لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانى کاراکردنەوەکە دەکات.
بە بۆچوونى د.یوسف گۆران کاراکردنەوەکە دەرگا بەڕووى قەیرانى قووڵتر دەکاتەوە.
د. یوسف گۆران، لێپرسراوى مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە نووسینەکەیدا وەک خوازە فیلمێکى کۆمیدى هێناوەتەوە و ناوەڕۆکەکەى بەراورد کردووە بە کاراکردنەوەى پەرلەمان، بەگوێرەى گێڕانەوەکەى لە فیلمەکەدا پزیشکەکە دەڵێت "نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو.. بەڵام نەخۆشەکە مرد!".
د. یوسف گۆران دەشڵێت "لێرەدا نەخۆشەکە پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو خوانەخوازە خودی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبێت".
نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو.. بەڵام نەخۆشەکە مرد!
فیلمێکی کۆمیدیی کۆنی هونەرمەند (فوئاد ئەلموهەندیس)م بیر دەکەوێتەوە کە دکتۆرێکی نەشتەرگەری بوو لە ژوری نەشتەرگەری سەرقاڵی نەخۆشێک بوو.
کاتێک پێیان وت کە نەخۆشەکە گیانی لەدەست داوە، زۆر بە متمانە بە خۆبوونەوە وەڵامی دایەوە: «گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو!»
ئەم دیمەنەم بیر کەوتەوە کاتێک چاودێریی ئەو هەوڵانەم دەکرد بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سازدانی دانیشتنێک بەبێ بەشداریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
خاوەنی ئەم هەوڵە بە زۆر رێگای نایاسایی و گوشار سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیش هەڵبژێردرا، بەڵام ئەو پرسیارەی کە پێویستە بیری لێ بکرێتەوە ئەوەیە: ئایا سەرکەوتنی ڕێکارە پەرلەمانییەکان بەسە ئەگەر باجەکەی دابەشبوونی سیاسی و خستنە مەترسیی سەقامگیریی هەرێم بێت؟
هەرێمی کوردستان تەنیا چەند کورسییەکی پەرلەمانی نییە کە بتوانرێت بە شێوازی بیرکاریانە کۆبکرێتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و شەراکەتی ئاڵۆز دامەزراوە. هەر هەوڵێکیش بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی بە دوور لە لێکتێگەیشتنی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکە، دەرگا بەڕووی قەیرانێکە کە زۆر قووڵتر بێت لەوەی دارێژەرانی ئەم دانیشنە بیریان لێ کردبێتەوە.
سەرەنجام مەترسیەکە لەوەدایە کە لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوێت کە ئێمە دانیشتنێکی پەرلەمانیمان بردووەتەوە، بەڵام گورزێکی گەورەمان بە یەکڕیزیی هەرێم و سەقامگیرییەکەی گەیاندووە.
ئەو کاتەش لەوانەیە کەسێکمان لێ پەیدا بێت و بڵێت، هەروەک چۆن فوئاد ئەلموهەندیس وتی:
«نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو. بەڵام نەخۆشەکە مرد!»
لێرەدا نەخۆشەکە پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو خوانەخوازە خودی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بنەماڵەی مەلا شڤان: دەبوایە مردنی هەڵبژاردایە نەوەک تەسلیمی پارتی ببێت
