
پووختەی هەواڵەکە:
ڕوونکردنەوەی ئەو زانیارییانەی بە کەناڵ8 گەیشتوون پشتڕاستی دەکەنەوە، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کەناڵ8 وەک یەکەم میدیا ئاشکرای کرد کە هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق دەکشێنەوە، ئێستا پەیوەندییە ئەمنییەکانی بەغداد و ئەنقەرە پێیان ناوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە؛ بەپێی ڕێککەوتنەکە تورکیا بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چۆڵکردنی سەربازگەی باشیک- زێلکان لە دەشتی نەینەوا و ڕادەستکردنەوەی بە سوپای عێراق.
لە بەرامبەردا، ئەنقەرە ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی دەربڕیوە؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتگیریی تەواو لە هەوڵەکانی بەغداد بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیری دەکات. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی وەک "ڕێگەی گەشەپێدان" بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق کار دەکات بۆ گەشەی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە.
مێژووی جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا بۆ شەڕی 40 ساڵەی نێوان ئەو وڵاتە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەگەڕێتەوە، دواتریش لە سەردەمی سەرهەڵدانی داعشدا بە دروستکردنی بنکەی باشیک فراوانتر کرا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی عێراق، تورکیا زیاتر لە 100 بنکە و خاڵی چاودێری هەیە. هەروەها بەپێی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمی CPTـی ئەمریکی، ژمارەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 135 بۆ 139 بنکە کە زۆرینەیان لە دهۆک و هەولێرن.
چۆڵکردنی باشیک و زێلکان لە کاتێکدایە کە هێشتا بەشێکی زۆری ئەو هێزانە بەدرێژایی ناوچە شاخاوییەکان و سنوورەکان دەمێننەوە، شارەزایانیش پێیان وایە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی دیکە پەیوەستە بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و بەهێزبوونی دیپلۆماسیی نێوان هەردوو وڵات.
هێزەکانی تورکیا هاوشێوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە
تۆم باراک: کشانەوەی سەربازیی تورکیا لە عێراق خاڵی وەرچەرخانە
