
فراکسیۆنى مونتەسیرون دژى لێدوانێکى فوئاد حسێن هاتە دەنگ.
مونتەسیرون: فوئاد حسێن گوتوویەتى داخستنى دەروازەکان لەگەڵ ئێران لەسەر داواى ئەمریکا بووە و ئەوەش پێشێلکردنی سەروەرییە.
فراکسیۆنى مونتەسیرون لەئەنجوومەنى نوێنەران ناڕەزایی توندى دژى لێدوانێکى فوئاد حسێن ڕاگەیاند کە دەڵێت" داخستنى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لەگەڵ ئێران لەسەر داواى ئەمریکا بووە.
داواکارى ئەمریکا بۆ داخستنى دەروازە سنوورییەکان پێشێلکارى ئاشکراى سەروەرى عێراقە.
دەبێت وەزیرى دەرەوە لەسەر ئەم بابەتە بانگێشتى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێت.
داواى لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن دەکەین.
فراکسیۆنى مونتەسیرون لەئەنجوومەنى نوێنەران باڵى سیاسى کەتیبەکانى سەید شوهەدایە و پەرلەمانتار فالح خەزعەلى سەرۆکایەتى دەکات.
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا داواى لە عێراق کردووە سەرجەم دەروازەکانى لەگەڵ ئێران دابخات و تەنیا دوو دەروازە بۆ هاتوچۆى بازرگانى بهێڵێتەوە.
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنەکەى ئەوەشى گوتووە، بە ئێرانیان گوتووە دۆستایەتیی و هاوپەیمانییان قبوڵە، بەڵام دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیی عێراق ڕەتدەکەنەوە.
