
11ـی تشرینی دووەمى هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی سینگڵەکان دیاریکراوە.
لەم ڕۆژەدا سنگڵەکان دیارى بۆ خۆیان دەکڕن.
بەشێک لە کۆمپانیاکان ئەم بۆنەیان بۆ فرۆشى زۆر و داشکاندن قۆستووەتەوە.
ئەم بۆنەیە لە بنەڕەتدا لە وڵاتی چینەوە دەستیپێکرد، لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە گەورەترین و قەرەباڵغترین بۆنەکانی بازاڕکردنی ئۆنلاین و فرۆشتن لە جیهاندا.
ئەم بۆنەیە لە ساڵی 1993 لەلایەن چەند قوتابییەکی زانکۆی نانکینگ لە چین داهێنرا.
ئامانجی سەرەتاییان ئەوە بوو کە ڕۆژێک بۆ کەسانی تەنیا یان سەڵت دیاری بکەن بۆ ئەوەی شانازی بە سەربەخۆیی خۆیانەوە بکەن و ئاهەنگی بۆ بگێڕن، بەپێچەوانەی ڕۆژی ڤالانتاینەوە.
ئەم ڕێککەوتە پێکدێت لە چوار ژمارەی یەک (11/11)، کە هەر ژمارەیەک کە یەکە هێمایە بۆ کەسێکی تەنیا یان تاک.
لە ساڵی 2009 کۆمپانیای ئەلیبابا و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەی چینی ئەم بۆنەیەیان قۆستەوە و کردوویانە بە فێستیڤاڵێکی گەورەی داشکاندن و فرۆشتنی ئۆنلاین.
لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا، ئەم ڕۆژە قەبارەی فرۆشتنی لە فرۆشتنەکانی بۆنەکانی "هەینی ڕەش " (Black Friday) و "سایبەر مەندەی" Cyber Monday لە ئەمریکا تێپەڕاند.
ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان لەم ڕۆژەدا سەرقاڵی کڕینی ئۆنلاین دەبن، تەنیا وەک دیارییەک بۆ خۆیان (وەک پاداشتێک بۆ سەربەخۆیی و سینگڵبوونیان).
سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا ڕەهەندێکی گەورەی ئابووری و بازرگانی وەرگرتووە، بەڵام پەیامە بنەڕەتییەکەی بریتییە لە: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت ژیانێکی سەرکەوتوو، بەختەوەر و سەربەخۆ بژی بێ ئەوەی پێویستی بە هاوسەرگیریکردن یان پەیوەندیی سۆزداری هەبێت. شکاندنی ئەو تێڕوانینە نەگونجاوەی کە پێشتر لە کۆمەڵگاکاندا بەرامبەر کەسانی تەنیا یان سەڵت هەبوو.
