
لە ڕووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە ئیسپانیا 64 کەس گیانیان لەدەستدا.
سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش، پاڵپشتی خۆی بۆ خێزانى قوربانییەکان ڕاگەیاند.
سیستمی هێڵی شەمەندەفەری ئیسپانیا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە، هاتوچۆی شەمەندەفەری نێوان مەدرید و سیوداد ڕیال و سێڤیلیا بەتەواوی ڕاگیراوە و دەیان کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی ڕووداوەکەوە لایەنی کەم 64 کەس گیانیان لەدەستداوە و هێشتا ژمارەی قوربانیان لە بەرزبوونەوەدایە.
ڕووداوەکە لە نێوان دوو شەمەندەفەری خێرا بووە لە مەدریدەوە بە ئاڕاستەی سێڤیلیا ڕۆشتوون.
یەکێک لە شەمەندەفەرەکان خۆی کێشاوە بە پشتی شەمەندەفەرێکی دیکە لە کاتێکدا وەستاوە.
تاوەکو ئێستاش هۆکاری ڕووداوەکە دیار نییە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سەرسوڕمانی خۆی لە ڕووداوەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن هاریکاری ئەو کەسانە دەکەن کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتی تەواوى بۆ خێزانى قوربانییەکان ڕاگەیاند.
ڕووداوەکە لە دووری 150 کیلۆمەتر لە مەدریدی پایتەخت ڕوویداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی بەهۆی ڕووداوەکەوە برینداربوون هێشتا دیار نییە.
تیمە فریاگوزارییەکانیش بە هێلیکۆپتەر و یەکەی فریاکەوتنی چڕ لە ئەرکدان بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکانی ڕووداوەکە.
ئەم ڕووداوەش لە دوای کەمتر لە ساڵێک دێت لە ڕووداوێکی دیکەی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر کە بەهۆیەوە 46 کەس لە باشووری وڵاتەکە گیانیان لەدەستدا.
