
تورکیا و بولگاریا و ڕۆمانیا سەرکۆنەی هێرشەکان لە دەریای ڕەش دەکەن.
هەرسێ وڵات داوا دەکەن ڕووسیا و ئۆکرانیا خۆیان لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەدوور بگرن.
پاش کۆبوونەوەیان لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا، هەریەک لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، دیمیتار ستۆیانۆڤ، وەزیری بەرگریی بولگاریا و ستێفان رادۆ، وەزیری بەرگریی ڕۆمانیا ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان لە دەریای ڕەش کرد.
دەریای ڕەش ڕێڕەوێکی گرنگ و پڕبایەخە لە بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.
لە ڕووی دابینکردنی دانەوێڵە، پەین و وزە.
جەخت لە گرنگیی ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریاوانی دەکەینەوە.
پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی؛ مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و وزە، بە تایبەتیش ناوچە هەستیارەکانی وەک ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا دروست دەکات.
تورکیا و بولگاریا و ڕۆمانیا بێ ناوهێنان داوایان لە هەریەک لە ئۆکرانیا و ڕووسیا کردووە، هێرش نەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای ڕەش، داوایان لێدەکەن پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری لە دەریای ڕەش، هەرسێ وڵات بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان سوپاکانیان و بڕیاریشیان داوە خولی داهاتووی ڕاوێژەکان لە ئەنقەرە و بوخارست ئەنجام بدرێت.
بلومبێرگ: ئەنقەرە جموجوڵی کەشتیوانی بۆ دەریای ڕەش سنووردار دەکات