ماڵەکەى شێخ مەحمود پاش قۆناغێکی وردی نۆژەنکردنەوە، وەک مۆزەخانەیەکی نیشتمانی دەرگاکانی دەخاتە سەر پشت.
مۆزەخانەکە سەدان بەڵگەنامەی مێژوویی و کەلوپەلی سەردەمی دەسەڵاتی مەلیک مەحموودی تێدایە.
لە مۆزەخانەکەدا سەدان بەڵگەنامەی دەگمەن لەسەر ململانێ و قۆناغە ئاڵۆزەکانی پەیوەندیی نێوان کورد و ئینگلیز دادەنرێن.
لە گەڕەکی مەڵکەندی سلێمانی، لەو جێگەیەی کە هێشتا دیوارەکانی بۆنی ڕۆژگار و مێژووی بەرگرییان لێ دێت، زەمەن بەرەو سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەو گەڕەکەدا ماڵەکەی مەلیکی کوردستان، شێخ مەحموودی حەفیدى تێدایە.
پڕۆسەیەکی وردی نۆژەنکردنەوەى بۆ کراوە.
بڕیارە تەلارەکە وەک مۆزەخانەی مەلیک مەحموود، وەک گەنجینەیەکی زیندووی یادەوەریی نەتەوەیی دەرگاکانی بکاتەوە.
کاری نۆژەنکردنەوەی ئەم ماڵە و ئامادەکردنی مۆزەخانەکە، ڕێکخراوی سی دی ئۆ کردوویەتى.
سەرنجڕاکێشترین و قووڵترین بەشی مۆزەخانەکە، ئەو گۆشەیە کە پەردە لەسەر یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی سیاسیی کورد لادەدات، ئەویش چیرۆکی پڕ لە هەوراز و نشێوی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئینگلیزە. لێرەدا سەدان بەڵگەنامەی ڕەسەن و دەگمەن بە پێنج زمان خراونەتە ڕوو
نووسراوەکان مەتەڵی دانوستانەکان، بەڵێنە سیاسییەکان و ململانێی زلهێزەکان لەسەر چارەنووسی کوردستان دەخەنە بەردەم لێکۆڵەران .
لە بەشێکى مۆزەخانەکە، کەرەستە کەسییەکان و چەکەکانی سەردەمی حوکمداریی مەلیک مەحموودی حەفید نمایش دەکرێن.
لە لوولەی تفەنگەکانەوە تا دەگاتە خەنجەر و مۆری فەرمیی مەلیک و دەستنووسە دەگمەنەکانی.
لەم مۆزەخانەیە، لەنێوان بێدەنگیی چەکەکان و زیندووێتیی بەڵگەنامەکاندا، مەلیک مەحموودی حەفید، جارێکی دیکە بە زمانێکی پڕ لە شکۆوە لەگەڵ نەوەی نوێدا دەدوێت، تاوەکو نیشانی بدات کە خەونی حوکمداری و خەبات لەپێناو شکۆی نەتەوەدا، چیرۆکێک نییە لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا کۆتایی هاتبێت.
ماڵەکەی شێخ مەحمودی حەفید چی بەسەردێت؟
کۆمەڵێک فۆتۆی مێژوویی پێشکەشی ناوەندی کوردستانی زانکۆی سلێمانی کران
