
رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی، ناسراو بە "CDO" لە شاری سلێمانی، نزیکبووەتەوە لە کۆتایی پڕۆژەی گۆڕینی ماڵەکەی شێخ مەحمودی حەفید بۆ مۆزەخانەیەکی گرنگی کەلەپووری.
شێخ مەحمود.. پادشای کوردستان
شێخ مەحمودی حەفید، کە بە پادشای کوردستان ناسراوە، لە هەناوی شاری سلێمانی و لە سەردەمی حوکمڕانیی بەریتانییەکاندا ژیاوە، ئێستا ماڵەکەی، کە زیاتر لە 130 ساڵە دروستکراوە و چەند سەد مەترێک لە بەردەرکی سەرا و ناوەندی شاری سلێمانی دوورە، دەکرێت بە مۆزەخانە.

ئەم گۆڕانکارییە ئاوڕدانەوەیە لە پاراستنی کەلەپوور
گۆڕینی ماڵەکەی شێخ مەحمود بۆ مۆزەخانە، ئاوڕدانەوەیە لە پاراستنی کەلەپوور و مێژووی شاری سلێمانی، کار و چالاکییەکانی پادشای کوردستان و داگیرکاریی بەریتانییەکان لە ناوچەکەدا، هاوتای پاراستنی شوێنەوارەکە وەکو یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی بڕیار لە مێژووی سیاسی شاری سلێمانیدا.

کەی دەکرێتەوە؟
بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ، مۆزەخانەکە بەڕووی سەردانیکەراندا بکرێتەوە، تیایدا چەندین بەڵگەنامە و کەرەستە و پێداویستیی جیاوازی مێژوویی لەخۆدەگرێت، کە لەبارەی پەیوەندییەکانی شێخ مەحمودی حەفید و بەریتانییەکانن، هاوتای شۆڕشەکەی و دوورخستنەوەی لە سلێمانی و کوردستان.

بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی CDO، ئاماژە بەوە دەدات؛ پرۆژەی بەمۆزەخانەکردنی ماڵەکەی شێخ مەحمود، بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر، بۆ گۆڕین و پاراستنی پێگە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی سلێمانی، بەمەبەستی راکێشانی سەرنجی گەشتیار، هۆشیارکردنەوەی سەردانیکەران لەبارەی مێژووی کورد و بەدیاریکراوییش مێژووی شاری سلێمانی و ناساندنی کەسایەتییەکانی.

پارچەکانی لە چەند وڵاتەوە وەرگیراونەتەوە؟
بەڵگەنامە، پارچە و پێداویستییەکانی ناو ئەم مۆزەخانەیە، لە وڵاتانی بەریتانیا، هیندستان، ئێران و تورکیا وەرگیراونەتەوە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حومکڕانیی شێخ مەحمود لە سلێمانی و پارچە فراوانەکانی سنووری شارەکە.

شێوەیەکی هاوچەرخی دەبێت
کامەران سوبحان، رێکخەری مۆزەخانە لە رێکخراوەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئەم مۆزەخانەیە شێوەیەکی هاوچەرخی دەبێت، "قۆناغی گۆڕینی ماڵەکە بۆ مۆزەخانە، بەشێکی زۆری تەواوبووە، لە ئاستی دامەزراندنیدا، گەیشتووین بە قۆناغی دانانی کەلوپەل، بەڵگەنامە و پێداویستییەکان".
