
ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشتر چەندین جار ڕەشنووسی بودجەیان ڕەتکردووەتەوە.
ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجە هاوکاتە لەگەڵ ڕێکارەکانی عەلی زەیدی لەبارەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027 بە 12.7% جێگیر کراوە و ناکۆکییەکان لەسەر داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانە، دەشڵێت: "ڕێز لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەگرین."
گەڕاندنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت سازشی لەسەر ناکرێت.
پێویستە سامانی وڵات بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکان و هەرێمەکاندا دابەش بکرێت.
لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان بۆ گفتوگۆی نیشتمانی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، عەبودی جەخت دەکاتەوە کە گفتوگۆی نیشتمانیی ڕۆژی سێشەممە لەسەر بنەمای دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێت.
لە 24ـی ئەم مانگەوە، لەپاش دەرکردنی ژمارەیەک بڕیار لەلایەن عەلی زەیدییەوە تایبەت بە هەرێمی کوردستان و بڵاوکردنەوەیان لە ڕێگەی گوتەبێژە سەربازییەکەیەوە، گەڕێکی دیکەی ململانێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستی پێکردووە.
