مەهێڵە بەکتریاکان بەهێزببن

گران جاف05/10/2025
د فیردەوس نوری، پزیشکی دەرمانساز و مامۆستای زانکۆ
د فیردەوس نوری، پزیشکی دەرمانساز و مامۆستای زانکۆ

بەهێزبوونی بەکتریاکان ئێستا هۆکارێکی گیانلەدەستدانە لە جیهاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆشیارییەکی ئەوتۆ لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د فیردەوس نوری، پزیشکی دەرمانساز و مامۆستای زانکۆ، زانیاریی زیاتری لەسەر ئەم بابەتە خستووەتەڕوو.

مەبەست لە بەهێزبوونی بەکتریاکان چییە؟

بەهێزبوونی بەکتریا، پرۆسەیەکی سروشتییە و کاتێک دژەبەکتریا(بەکتریا دەکوژێت یان گەشەی رادەگرێت) بۆ بەکتریاکان بەکاردەهێنرێت، بەکتریاکان هەوڵدەدەن بە جۆرێکی دیکە بژین و نەهێڵن ئەم دژەبەکتریایانە ببێتەهۆی لەناوبردنیان.

کاتێک بەکتریاکان ئەم بەرگرییەیان بۆ دروستدەبێت، چیدی ئەو دژەبەکتریایەی پێشتر لە دژیان بەکارهاتووە کاریگەریی نابێت لەسەریان. هەربۆیە دەبینین ئێستا کارنەکردن یان کاریگەرنەبوونی دژەبەکتریاکان بۆ ئەو بەکتریایانەی هۆکاری نەخۆشین، گرفتێکی گەورەی دروستکردووە و تێچووی پزیشکیی زیاتر کردووە.

بەکتریاکان لەڕێگەی گۆڕان لە پێكهاتە و زیندەچالاکییانەوە ئەم بەرگرییە دروستدەکەن.

هۆکاری بەهێزبوونی بەکتریاکان چییە؟

هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی بەرگریی بەکتریاکان دژی دژەبەکتریاکان ئەمانەن:

  • زۆر بەکرهێنانی دژەبەکتریاکان: زۆر جار ئەم دەرمانانە بەبێ ئەوەی پێویست بن بۆ چارەخواز دەنوسرێن، بۆ نموونە لەگەڵ ئەوەی ئەم دەرمانانە تەنیا دژی بەکتریا کاردەکەن، بەڵام خەڵک لە دژی پەتا و هەڵامەت بەکاریدەهێنن کە هۆکارەکەیان ڤایرۆسە.
  • تەواونەکردن و ناڕێکوپێکی لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەدا: هەندێجار چارەخواز لەگەڵ هەستکردنی بە باشبوون، پێش تەواوکردنی کۆرسی دەرمانەکە واز لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە دەهێنێت، بەمەش بەکتریاکان بەتەواوی لەناوناچن و دەمێننەوە، پاشان بەرگریی دروستدەکەن.

کێ زیاتر مەترسیی ئەم گرفتەی لەسەرە؟

  • زۆرترین مەترسی لەسەر ئەو کەسانەیە کە لە ناوەندە تەندروستییەکان کاردەکەن یان دەمێننەوە.
  • ئەو چارەخوازانەی لە نەخۆشخانە دەمێننەوە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە بەشی چاودێریی چڕدان، ئامێری هەناسەدانیان بۆ بەکاردەهێنرێت یان ئامێرەکانی دیکەیان بۆ بەکارهاتووە.
  • منداڵانی ساوا و ئەو کەسانەشی کە نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە، وەکو شەکرە، نەخۆشییەکانی گورچیلە یان نەخۆشییەکانی سییەکان.
  • ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، وەکو تووشبووانی شێرپەنجە و ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی.
  • ئەو کەسانەی ئەندامێکیان بۆ چێنراوە.
  • ئەو کەسانەی لە خانەی بەساڵاچووانن.

پەیامت بۆ کۆمەڵگە چییە؟

  • بەهێزبوونی بەکتریاکان کاریگەریی لەسەر تەواوی کۆمەڵگە هەیە، هەرکەسێک لای خۆیەوە دەتوانێت لە کەمکردنەوەی ئەم گرفتەدا یارمەتیدەربێت.
  • تەنیا لەو کاتانەی پزیشکێکی پسپۆڕ ئەم دەرمانانە بە پێویست دەزانێت و بۆی نووسیت، بەکاریبهێنە.
  • کە دەرمانەکەت بەکارهێنا، دڵنیاببەرەوە لەوەی کۆرسی دەرمانەکە تەواوبکەیت، تەنانەت ئەگەر لە نیوەی کۆرسەکەشدا هەستت بە باشتربوون کرد.
  • نابێت چارەخواز فشار بخاتە سەر پزیشک بۆئەوەی ئەم دەرمانانەی بۆ بنوسێت.
  • پێویستە گرنگی بە پاکوخاوێنی بدەین، زووزوو دەستمان بشۆین و بە سەلامەتی مامەڵە لەگەڵ خۆراکدا بکەین.
  • گرنگە خێزان و کۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارهێنانی نادروستی دژەبەکتریاکان ئاگاداربکرێنەوە

چۆن دەتوانین رووبەرووی بەهێزبوونی بەکتریاکان ببینەوە؟

شێوازی رووبەرووبونەوە بەرامبەر دژە بەکتریاکان دەبێت گشتگیر بێت و دووبەشی سەرەکی لەخۆبگرێت:

1.کەمکردنەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان، واتە بەکارهێنانی دژە بەکتریاکان لەکاتی پێویست

2. ستراتیجیی بەکارهێنانی پێکووتە( بۆ نەخۆشییەکانی وەک هەوکردنی سییەکان و ئەنفلۆنزا)

ئامادەکردن: ئاسۆ فازیل

گران جاف

Sun Oct 05 2025

Loading related news...