
ئۆتۆمبێلەکان بۆ خزمەتى فەرمانبەرانن و وەزیر و بەرپرسەکان بەکاریانناهێنن.
حکومەت پارەى ئۆتۆمبێلەکان نادات و کۆمپانیایەک دابینیکردوون.
لەوبارەیەوە مستەفا سەنەد وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، ئاشکرای کرد 100 ئۆتۆمبێلی نوێی مۆدێل 2026 وەک دیاری و لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیای ئێرس لینکەوە دراون بە وەزارەتەکەى.
ئەم ئۆتۆمبێلانە تەنیا بۆ خزمەتی فەرمانبەران بەکاردەهێنرێن، بەبێ ئەوەی هیچ وەزیر، بریکار، ڕاوێژکار یان بەڕێوەبەرێکی گشتی بۆ کاروباری کەسی یان ئیداریی خۆی بەکاری بهێنێت.
ئۆتۆمبێلەکان بریتین لە چەندین جۆری جیاواز، لەوانە ئۆتۆمبێلی پیکاپی کارکردن، ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسل و تەنانەت ئۆتۆمبێلی هایبرید (کارەبا و بەنزین) کە دۆستی ژینگەن و بۆ ماوەی پێنج ساڵ یان 200 هەزار کیلۆمەتر گرەنتی و چاککردنەوەیان لەگەڵدایە.
بەشێک لەم ئۆتۆمبێلانە تەرخانکراون بۆ دابینکردنی گواستنەوە بۆ فەرمانبەرانی ژن، کە لەلایەن شۆفێری ژنەوە لێدەخوڕێن.
بۆ ئاسانکاریی زیاتریش، پاسەکان کە پێشتر 19 کەسیان هەڵدەگرت، دەستکاری کراون و کورسییەکانیان کەمکراوەتەوە بۆ نۆ کەس، تاوەکو فەرمانبەران بەوپەڕی ئاسوودەیی و فراوانییەوە هاتووچۆ بکەن، لەگەڵ دابینکردنی سیستەمی فێنککەرەوەی تایبەت بۆ هەر سەرنشینێک.
