لافاو زیان بە ڕێگەى پشتێنەیی خورماتوو دەگەیەنێت
لافاو زیان بە پرد و ڕێگەوبانەکانى خورماتوو دەگەیەنێت.
بە هۆى بارانبارینى بەخوڕ و دروستبوونى لافاو، ڕێگەوبانى ژمارەیەک گوندى سنوورى خورماتوو زیانیان بەرکەوتووە و ڕێگەى پشتێنەیی خورماتوو کە ڕێگەى سەرەکى هاتوچۆیە لە کەرکووکەوە بۆ بەغداد، لافاو بردوویەتى و هاتوچۆ لە نێوان هەردوو پارێزگاکە داخراوە.
ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بەهۆى لافاوەوە گیریانخواردووە.
هۆشداری دەدرێت لە هاتوچۆى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر لە ڕێگەى کەرکووک- بەغداد.
ساڵى ڕابردوو ڕێگەى پشتێنەیی کە ڕێگەیەکى سەرەکییە و کەرکووک و سلێمانى دەبەستێتەوە بە باشوورى عێراقەوە لافاو بردى و چاککرایەوە.
بەڵام لەگەڵ یەکەم لافاوى ئەمساڵ جارێکى دیکە لافاو ڕێگەکەى تێکداوەتەوە و ڕێگەى هاتوچۆى بارهەڵگر نەماوە.
ئەو پردە دوو سایدەى لە ناو شارى خورماتوودا هەیە، سایدێکى پێشتر ڕووخاوە و چاکنەکراوەتەوە.
تەنیا یەک سایدى ماوە ئەویش تەنیا بەرگەى هاتوچۆى ئۆتۆمبێلى بچوک دەگرێت.
بارهەڵگر ناتوانێت هاتوچۆى بەسەردا بکات.
لە لایەکى دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتى هاتوچۆى عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى لافاوەوە ڕێگاى پشتێنەیی خورماتوو کە بەغداد و کەرکووک پێکەوە دەبەستێتەوە داخراوە.
داواش لە شۆفێرانى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر بە تایبەت ئەوانەى هاتوچۆ لە نێوان باکوور و باشوور دەکەن بۆ پاراستنى سەلامەتى خۆیان ڕێگاى جێگرەوە وەک ڕێگەى تکریت – سەڵاحەدین، یاخود دیالە – خانەقین بەکاربهێنن.
