لە دەباشانەوە دەستپێشخەرییەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ ئایا چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم کۆتایی دێت؟

لە دەباشانەوە دەستپێشخەرییەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ ئایا چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم کۆتایی دێت؟

00:00/00:00
دیدارى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى

سەردان و کۆبوونەوەکەى ڕۆژى یەکشەممەى نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانى و سەڵاحەدین بەهادین لە دەباشان و ئەو دەستپێشخەرییەى کە ئەمینداریى گشتى یەکگرتوو پێشکەشى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستانى کرد ڕەنگە کۆتایى بەو چەقبەستووییە بهێنێت کە ڕێگر بووە لە کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى

ڕۆژى 20ـى10ـى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەهۆى ناکۆکییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و نەبوونى لێکتێگەیشتن لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان و پێکهاتەى حکومەتى نوێ نەتوانرا نە پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێتەوە نە حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت.

پۆستەکانى عێراق و هەرێم وەک یەک پاکێج

کرۆکى کێشەو ناکۆکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتى دیموکراتى کوردستان بەنیاز بوو پۆستەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک یەک پاکێج هەژمار بکرێن و هەرچى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە جەختى لەسەر ئەوە دەکردەوە کە بە دوو پاکێج مامەڵە لەگەڵ دابەشکردنى پۆستەکان بکرێت.

نزار ئامێدى و گەورەکردنى لێکترازانەکە

هەڵبژاردنى نزار ئامێدى، بەربژێرى یەکێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ سەرۆککۆمار لێکترازانێکى زۆر لە نێوان پارتى و یەکێتى دروستکرد و بەو هۆیەوە فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و تیمى حکومەتەکەیان لەسەر بڕیارى سەرکردایەتى پارتى بەغدادیان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

ڕاستکردنەوەى حوکمڕانى

بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چەندین بۆنەدا ئاماژەى بە ڕاستکردنەوەى ڕێڕەوى حوکمڕانى دەکرد و بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و دروستکردنى هاوسەنگیى سیاسی سەرۆکى یەکێتى لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ کۆبووەوە و بنەماى هاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتنێکى هاوبەشیان داڕشت و لە ئێستادا لەسەر ڕێڕەوی ڕێککەوتنێکی ستراتیژین و دەتوانن فراکسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی دروست بکەن و هاوسەنگی بۆ پەرلەمان بگەڕێننەوە و ڕێگری لە تێپەڕاندنی یاسا بە زۆرینە بکەن.

جوڵە سیاسییەکانى یەکێتى و پارتى و نەوەى نوێ

ئەم جوڵەیەى یەکێتى و نەوەى نوێ وایکرد پارتى دیموکراتى کوردستان بکەوێتە جوڵەو پەناى بۆ ئەنجوومەنی شورا برد تاوەکو لە ڕێگەی کەمکردنەوەی نیسابی یاسایی بۆ 49 کورسی، متمانە بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان بگەڕێنێتەوە.

هاوکات کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتى لە هەولێر لەگەڵ 11 حیزبی تورکمان کۆبووەوە کە یەک کورسى پەرلەمانیان هەیەو بەگوێرەى ڕاگەیێندراوى کۆبوونەوەکە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.

یەکگرتوو دەچێتە کام بەرەیەوە؟

وەک چۆن پارتى کاراکردنەوەى پەرلەمانى لەگەڵ بەرپرسانى یەکگرتوو تاوتوێ کردووە، بەڵام یەکگرتوو ڕەتیکردوەتەوە بچێتە ئەو بەرەیەوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووش لە پەرلەمانى کوردستان بە کەناڵ8ـى گوت: کاراکردنەوەى پەرلەمان بە بێ یەکێتى و پارتى سەرکەوتوو نابێت و ناواقیعییە.

دەستپێشخەرى پیاوە میانڕەوەکە

لەگەڵ ئەوەى دەستپێشخەرییەکەى سەڵاحەدین بەهادین بۆ نەهێشتنى ئەو چەقبەستوویەى هەیە لەلایەن سەرۆکى یەکێتى پێشوازى لێکراوە و پشتیوانى دەکرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە کە دەتوانێت بەستەڵەکى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى بڕەوێنێتەوە یان دۆخەکە بەم جۆرەى ئێستا درێژە دەکێشێت؟.

شۆڕش محەمەد

Sun May 17 2026

Loading related news...