
بە گوێرەی ئامارێک دۆخی منداڵان لە باکووری کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە.
22 مردنى گوماناوى تۆمارکراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئامەد، ئاماری پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا، 57 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و34 منداڵیش برینداربوون.
لە ساڵێکدا لە نێو منداڵانی باکووری کوردستان، 22 مردنی گوماناوی تۆمارکراوە.
نۆ منداڵ لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە.
بە هۆی کەمتەرخەمی دامەزراوە فەرمییەکانەوە دوو منداڵ.
سێ منداڵ بە هۆی توندوتیژیی خێزانییەوە گیانیان لەدەستداوە.
پێنج منداڵ بە هۆی توندوتیژییەکانی نێو کۆمەڵگە گیانیان لە دەستداوە.
پێنج حاڵەتى خۆکوشتنى منداڵان لە باکوورى کوردستان تۆمار کراوە.
ئەوە جگە لەوەی نزیکەی 70 منداڵ ڕووبەڕووی دەستگیرکردن، زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.
جگە لە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان، لە هەمان ماوەدا چەندین پێشێلکاری دیکە دژی منداڵان لە ناوچەکەدا تۆمار کراون:
دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن: 36 منداڵ دەستبەسەر کراون و 26 منداڵیش بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە.
ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ: سێ منداڵ لە کاتی دەستبەسەرکردندا و پێنج منداڵیش لە دەرەوەی شوێنەکانی دەستبەسەرکردن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی نەشیاو بوونەتەوە.
مین و تەقەمەنی: بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکان و ڕووداوەکانی سەر سنوور، چەندین منداڵ بریندار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێ لایەن لە مردنە گوماناوییەکان بکرێت، کۆتایی بە کارپێکردنی منداڵان و سزای نەدانی تاوانباران بهێنرێت، هەروەها مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ منداڵانی کورد دەستەبەر بکرێت تاوەکو لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە جیاکاری گەشە بکەن.