بەغداد 200 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

وێستگەیەکی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان
وێستگەیەکی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان

پووختەی هەواڵەکە

  • سروە محەممەد ڕایگەیاند، بەغداد 200 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت.

  • سروە محەممەد دەشڵێت، 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى وەک قۆناغى یەکەم ڕەوانە کراوە.

  • ئەم هەفتەیە دابەشکردنى نەوت لە شارۆچکەى پێنجوێن تەواو دەکرێت.

  • نەوت و کانزاکانى سلێمانى: پێنج هەزار خێزان لە پێنجوێن نەوتى سپى وەرگرتووە.


بڕیارە لە وەزارەتى نەوتى عێراقەوە 200 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بگاتە هەرێمى کوردستان و ناردنى ئەو 50 ملیۆن لیترە وەک قۆناغى یەکەم دیاریکراوە و پاش ئەوە نەوتى دیکە ڕەوانە دەکرێت.


سروە محەممەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کەناڵ8:

  • ئەو 50 ملیۆن لیترە وەک قۆناغى یەکەم ڕەوانەى هەرێمى کوردستان کراوە کە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستى پێکردووە و دواتر دەگاتە ناوەندى پارێزگا و شارەکان.

  • پاش دابەشکردنیشى 50 ملیۆن لیترى دیکە ڕەوانە دەکرێت.

  • بە گشتی بە چەند قۆناغێک بەغداد سەرجەم نەوتە سپییەکە ڕەوانە دەکات.

پرۆسەی دابەشکردنەکە چۆنە؟

  • کەناڵ8، لە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى زانیارى وەرگرتووە، کە ئەم هەفتەیە دابەشکردنى نەوت لە شارۆچکەى پێنجوێن تەواو دەکرێت،.

  • کە لە کۆى 11 هەزار خێزان پێنج هەزار خێزان نەوتى سپییان وەرگرتووە، کە هەر خێزانێک 100 لیتری بە 33 هەزار دینار دەدرێتێ.

  • شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" ڕۆژانە ئەو نەوتەى دەگاتە پارێزگاى سلێمانى دابەش دەکرێت و خشتەى ناوچە جیاوازەکانیش دیاریکراوە".

  • هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى، ئەوەیان دووپاتکردەوە، خێراکردنى دابەشکردنى نەوتى سپى پەیوەستە بە گەیشتنى ئەو بڕە نەوتەى ڕۆژانە دەگاتە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە.

  • بڕیارە پاش تەواوکردنى دابەشکردنى نەوتى سپى لە شارۆچکەى پێنجوێن، بڕیارە لە شارۆچکەى قەڵادزێ پاشان لە شارباژێر دابەش دەکرێت.

بەگوێرەى داتاى وەزارەتى نەوتى عێراق، دابەشکاريى ئەو 50 ملیۆن لیترە بە جۆرێکە، پارێزگاى سلێمانى 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر و ڕۆژانە 216 هەزار لیتر نەوتى سپى پێ دەگات و پارێزگاى هەڵەبجە یەک ملیۆن و 154 هەزار لیترى بەردەکەوێت و ڕۆژانە 36 هەزار لیتر نەوتى سپی پێ دەگات.

هاوکات، پارێزگاى هەولێر 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر و ڕۆژانە 180 هەزار لیترى پێدەگات و بۆ پارێزگاى دهۆک 10 ملیۆن و 792 هەزار لیترە و ڕۆژانە 108 هەزار لیترى پێدەگات.

بەگوێرەى داتاى هەرێمى کوردستان، پێداویستیى نەوتى سپى بۆ خێزانەکان 268 ملیۆن و 700 هەزار لیتر نەوتى سپییە ئەگەر هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتى سپى بۆ دابین بکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بە نرخی 33 هەزار دینار بۆ 100 لیتر؛ دابەشکردنی نەوتی سپی دوای پێنجوێن دەگاتە قەڵادزێ

Loading related news...