
هاتووچۆى هەڵەبجە ئامادەکاریى بۆ بەڕێوەچوونى فێستیڤاڵى هەنار کردووە.
دوایین کۆبوونەوەى ئامادەکاریى کرا و بەڕێوەبەرى هاتووچۆ ڕێنمایى ئەفسەر و پۆلیسەکانى کرد.
بەڕێوەبەرى هاتووچۆى هەڵەبجە پێشبینى کرد نزیکە نیو ملیۆن گەشتیار سەردانى فێستیڤاڵەکە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێباز کەمال بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەى کرد و چەند ڕێنماییەکى پێدان و داواشى کرد تاوەکو دەتوانن پەنا بۆ سزادانى شۆفێران نەبەن.
ئەرکی ئەمجارەتان قوورستر و گەورەترە.
ئەرکەکانتان بە ڕێکوپێکی و دوور لە ڕەفتاری هەڵچوون و دەمارگیریی جێبەجێ بکەن.
ڕێکخستنی هاتووچۆی شەقامەکان و ڕێزگرتن لە میوانان، گەشتیاران و ئاسانکاری لە پێشینەی کارەکانتان بێت.
پێشبینی دەکرێت نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار لەم چەند ڕۆژەدا سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکەن.
پیاوانی هاتووچۆ زیاتر لە هەموو کاتێک ڕۆڵی کاریگەریان پێدراوە و بەردەوام لەسەر شەقامەکان دەبن تاوەکو زۆرترین کارئاسانی بۆ شۆفێران بکەن.
تاوەکو دەکرێت دەست بۆ سزادان نەبەن، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و سەرخستنی ئەم چالاکییە گرنگە ئابووری و گەشتیارییەی پارێزگاکە.
بڕیارە سبەى فێستیڤاڵى هەنار لە هەڵەبجە دەستپێبکات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بێت.
