دى ئێن ئۆ بڕى بەرهەمهێنانى نەوتى لە تاوکێ و پێشخابوور ئاشکرا کرد

پووختەى هەواڵەکە:

  • لە ماوەى جەنگى ئێراندا بەرهەمهێنانى ڕاگرتبوو.

  • بەراورد بە چارەکى یەکەم و دووەمى ئەمساڵ بەرهەمهێنان زیادیکردووە.

  • دى ئێن ئۆ هێشتا نەچووەتە ناو ڕێککەوتنى سێقۆڵییەوە.


کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى، بڕى بەرهەمهێنانى نەوتى لە کێڵگەى تاوکێ و پێشخابوور لە چارەکى سێیەمى ئەمساڵ راگەیاند، کە بڕەکەى 54 هەزار و 914 بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بووە.


کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى چى کردووە؟

  • کارەکانی لە هەردوو کێڵگەى تاوكێ و پێشخابوور ڕێکخستووەتەوە.

  • بەو هۆیەوە بەرهەمى نەوت و داهاتى کۆمپانیاکە زیادىکردووە.

پێشتر بەرهەمهێنانى ڕاگرتبوو

بەهۆى جەنگى ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلەوە یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەى کە کارەکانى ڕاگرت، دواتر لە 28ـى حوزەیرانى ئەمساڵدا دووبارە دەستی بە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ کردەوە و لە 11ـى تەممووزیشدا لە کێڵگەی پێشخابوور دەستی بەکارەکانى کردەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کۆمپانیاکە لە چارەکى دووەمى ئەمساڵ تەنیا 273 بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوەو لە چارەکى یەکەمیش بە تێکڕا 34 هەزارو 929 بەرمیل نەوت بووە.

کێڵگەکانى نەوتى (تاوكێ و پیشخابوور) دەكەونە رۆژهەڵاتی ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، یەک گرێبەستیان بۆ كراوە، تێكڕای بەرهەمی هەردوو كێڵگەکەش لە چوارچێوەی یەک بلۆكی نەوتیدایە.

دى ئێن ئۆى نەرویجى هێشتا نەچووەتە ناو ڕێککەوتنى سێ قۆڵى لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ هەناردەکردنى نەوتەکەى لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ، بەڵکو نەوتەکەى لەبازاڕەکانى ناوخۆدا دەفرۆشێت.

Loading related news...