زەیدى فەرمانى کرد بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بە قاچاخبردنى نەوت لە جورفولسەخەر

پووختەى هەواڵەکە

  • هێزە ئەمنییەکان لە بەغداد خراونەتە ئامادەباشیى ئاستى جیم.

  • عەلى زەیدى لەگەڵ هادى عامرى و فالح فەیاز و عەبدولعەزیز محەممەداوى کۆبووەوە.


عەلى زەیدى، فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانى کرد بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوەیەکى فراوان لە پرۆسەکانى بەقاچاخبردنى نەوت لە جورفولسەخەر، هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە بەغداد و دەوروبەرى جورفولسەخەر خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیى ئاستى جیم.


دۆخەکە باش نییە

  • پەرەسەندنەکانى دۆخى ئەمنى و سیاسى لە بەغداد لە ئاڵۆزبوونى بەردەوامدان.

  • لێدوانە تووند و دژ بەیەکەکانى نێوان گرووپەکانى بەرەى مقاوەمە و حکومەت بەردەوامە.

  • عەلى زەیدى لیژنەیەکى باڵا پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە بە قاچاخبردنى نەوت لە جورفولسەخەر.

  • هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیى ئاستى جیم.

  • بە چڕى لە دەوروبەرى ناوچەى سەوز و هەردوو بەرى جادریە و کەڕادە بڵاوبوونەتەوە.

  • لەگەڵ ئامادەکاریى ئەمنى بۆ دەستپێکردنى هەڵمەتێکى ئەمنى.

  • بەو پێیەى هەوڵە نێوەندگیرییەکان ئەنجامیان نەبووە.

  • دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە بەغداد و ژمارەیەک پارێزگاى دیکە، داوایان لە کارمەندانى مۆڵەتپێدراو کردووە بەپەلە بگەڕێنەوە سەر یەکەکانیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژى پێنجشەممەوە، ئامادەباشیى ئەمنى و سەربازیى فراوان لە ناوچەى جورفولسەخەر لە باکوورى پارێزگاى بابل دەستیپێکردووە، لە بەغدادیش هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەرى نووسینگە و بارەگاکانى کەتیبەکانى حیزبوڵا جێگیرکراون.

بە گوتەى سەرچاوە ئەمنییەکان، ئامانج لە بڵاوبوونەوە و جموجۆڵە سەربازییەکان، بۆ چوونى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەیە بۆ ناو ناوچەى جورفولسەخەر و ئاشکراکردنى ئەو شوێنانەى گومان دەکرێت نەوت و پێکهاتە نەوتییەکانى لێوە بە قاچاخ دەبرێت.

تەقە لە هەر کەسێک دەکرێت نزیک جورفولسەخر ببێتەوە

لە بەرامبەریشدا، هەڕەشەى تەقەکردنى لە هەر هێزێک کردووە بیەوێت بچێتە ناوچەى جورفولسەخەر بەبێ ڕەزامەندیى فەرماندەکانى کەتیبەکانى، هاوکاتیش ڕەتیکردووەتەوە ڕێگە بدات لیژنەى لێکۆڵینەوە بچێتە جورفولسەخەر.

ناکۆکییەکانى نێوان حمێداوى و شممەرى

هەروەها ئەبو حسین حمێداوى، مەرجى ئەوەیە لیژنەى لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی دەستەى حەشدى شەعبى پێکبهێنرێت نەک بخرێتە ژێر سەرپەرشتیی عەبدولئەمیر شممەرى.

ڕێگریی لە پێکدادانى چەکدارى

لەگەڵ پەرەسەندنى ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و سەرنەکەوتنى هەوڵەکانى نێوەندگیری لە نێوان عەلى زەیدى و کەتیبەکانى حیزبوڵا بۆ ڕادەستکردنى چەک، نوورى مالیکى و هادى عامرى و یاسر سخێل پەیوەندییە سیاسییەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگری لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکى چەکداریی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و کەتیبەکانى حیزبوڵا.

بۆ هەمان مەبەستیش، شەوى ڕابردوو عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران لەگەڵ هادى عامرى، سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر و فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى و عەبدولعەزیز محەممەداوى، سەرۆکئەرکانى حەشدى شەعبى کۆبووەوە.

نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى ژمارەیەک دۆسیەى پەیوەست بە دۆخى ئەمنى و سیاسى کراوە و دوا پەرەسەندنەکانى عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گرنگیى هەماهەنگى و هاوکاریی نێوان دامەزراوە و دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان، لە چوارچێوەى ڕاسپاردەکانى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەپێناو پتەوکردنى سەقامگیری و پاراستنى ئاسایش و سەروەریی وڵات.

Loading related news...