ئێرە هەورامانە، پلەکانی گەرما نزیکەی سفر پلەی سیلیزیە.
هاوشێوەی نزمی پلەکانی گەرما ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنان نزمە و نزیکە لە سفر.
پورە قەدریە لە حەفتاکانی تەمەنیدایە و شایەتحاڵی زیاتر لە نیوسەدە گیانی هاوکاری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان خێزانەکانی هەورامانە. لە کولتوور و کۆمەڵگەی هەوراماندا، دیاردە کۆمەڵایەتییە نەخوازراوەکانی وەک؛ ژن بە ژن، ژن لەبری خوێن و فرەژنی بوونیان نییە.
ژنانی ئێرە سەرەڕای ئەرکی ماڵداری و پەروەردەکردنی منداڵ.
هەمیشە شانبەشانی پیاوان لە کێڵگە و باخەکاندا کاریان کردووە.
ژنان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بژێوی و ئاوەدانی بوون.
25ـی نۆڤەمبەرە و لە ژێر دروشمی یەک بگرن بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی کچان و ژنان.
هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە دەستی پێکرد.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ساڵی 2025دا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 68 حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراون و ئامارەکانی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی ڕابردوون؛ بەڵام وەک نەریتێکی هەمیشەیی، لە هەورامان هیچ حاڵەتێکی توندوتیژی تۆمار نەکراوە و ئەم ناوچەیە هەر بە نموونەی ڕێزگرتن لە مافی ژنان ماوەتەوە.