د. دانیاڵ سەعدی: هەندێک منداڵ ئاستی زیرەکییان زۆر بەرزە، بەڵام بەهۆی کەمسەرنجی و فرەجووڵەییەوە ئاستی نمرەکانیان باش نابێت

د. دانیاڵ سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان
د. دانیاڵ سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان

کەناڵ8- سلێمانی

کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی لەو گرفتانەن کە ئەگەر مامەڵەی دروستیان لەگەڵ نەکرێت، کار لە ئێستا و ئاییندەی منداڵ دەکەن، بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێنوێنییە گرنگەکان بۆ دایک و باوکان و کۆمەڵگە لەبارەی ئەم گرفتەوە، ئەم دیمانەیەمان ساز داوە لەگەڵ د. دانیاڵ سەعدی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان:

نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی چییە؟

مەبەست لە نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرفتی کەمیی سەرنجیان هەیە و فرەیی جوڵەیان هەیە، پێویستە نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی لە منداڵاندا لە پێش تەمەنی 12 ساڵی دەستنیشان بکرێت، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی لە دوای تەمەنی 12 ساڵی لەکەسێکدا هەبێت ئەوا بە نەخۆشییەکی دیکە دەستنیشان دەکرێت.

نیشانەکانی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی چین؟

نیشانەکان وەک لە ناوی نەخۆشییەکە خۆیەوە دیارە، بریتیین لە کەمیی سەرنج و بوونی فرە جوڵەیی. ئەو منداڵانەی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەییان هەیە ناتوانن وەکو پێویست گوێ لە وانەکانیان بگرن لە خوێندنگە، بەهەمان شێوە ناتوانن گوێ لەو قسانە بگرن کە دایک و باوکیان بۆیان دەکەن. هەروەها ناتوانن جل و پێڵاوەکانیان بە ڕێک و پێکی دابنێن، جلەکانیان بە پەرش و بڵاوی فڕێدەدەنە ژوورەکانیان، ناتوانن کاتەکانیان ڕێکبخەن، ناتوانن پابەند بن بە کاتی کۆششکردنی وانەکانیان و کاتی خۆشتنەوە، زوو زوو شتیان بیردەچێتەوە، کاتێک کەسێک قسەیان بۆ دەکات و دەنگی دەرگا دێت، سەرنجیان دەڕوات بۆ دەنگی دەرگاکە، یان هۆڕینی ئۆتۆمبێلێک کە لە بەردەرگا لێدەدرێت. گوێ لەو کەسە ناگرن کە قسەیان بۆ دەکات. بەشێوەیەکی گشتی ئەم منداڵانە فرەجوڵەییان هەیە، بەتایبەت جوڵەیەک کە منداڵەکە بیری لێناکاتەوە، واتە جێگە بەخۆی ناگرێت، زۆر قسەدەکات، قسە بە کەسی لەخۆی گەورەتر دەبڕێت، کۆمەڵێک شت دەکات بە بێ بیرکردنەوە بۆ نموونە: لەناکاو لە شوێنێکی بەرزەوە خۆی فڕێدەدات کە لەوانەیە قاچی بشکێنیت، لەمبەری شەقامەکەوە دەڕواتە ئەوبەری شەقامەکە بەبێ ئەوەی تەماشای ئەملاو و ئەولای خۆی بکات.

ئایا نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی پەیوەندی بە ئاستی زیرەکیی منداڵەکەوە هەیە؟

ناتوانین بڵێین نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی پەیوەندی بە ئاستی زیرەکییەوە هەیە، چونکە لەوانەیە منداڵەکە ئاستی زیرەکی زۆر بەرزبێت، بەڵام بەهۆی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەییەوە سەرنجی لای وانەکان نەمێنێت و مامۆستاکان ئاستی کۆشش و نمرەی منداڵەکەیان بەدڵ نەبێت.

چۆن جیاوازیی بکرێت لە نێوان منداڵێک کە فرەجوڵەیە لەگەڵ منداڵێک کە نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی هەیە؟

پێوەرێکی جیهانیمان هەیە لە چەند نیشانەیەک پێک هاتووە، ئەگەر منداڵەکە شەش نیشانە زیاتری هەبوو لە کۆمەڵە نیشانەکانی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی، ئەوا منداڵەکە بە نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی  دەستنیشان دەکرێت، بەڵام ئەگەر منداڵەکە شەش نیشانە کەمتری هەبوو ئەوا منداڵێکی فرەجوڵەیە.

چارەسەرەکانی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی چین؟

زۆربەی حاڵەتەکانی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی پێویستیان بە وەرگرتنی دەرمان هەیە، چونکە ڕەفتاری نائاسایی ئەم منداڵانە دەگاتە ڕادەیەک کە بە دایک، باوک و مامۆستای تایبەت کۆنتڕۆڵ ناکرێن، دەرمانەکان سەرنجیان زیاد دەکات و فرەجوڵەییەکەیان کەم دەکاتەوە.

 Behavioral therapy:

مامۆستای تایبەت و چارەسەرکاری دەروونی لەگەڵ منداڵەکەدا دادەنرێت کە کۆنتڕۆڵی ڕەفتاری منداڵەکە بکەن.

تاوەکوو چەند گرنگە دایکان، باوکان و مامۆستاکان لە خوێندنگە پاڵپشتی ئەو منداڵانە بن کە گرفتی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەییان هەیە؟

بەتەنها چارەسەری دەرمان و چارەسەرکاری دەروونی بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی کە نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەییان هەیە، چونکە هەندێکجار پێویستمان بە خێزانەکانیان، خوێندنگەکان و مامۆستای تایبەت دەبێت، هەندێکجار خێزانەکان دەبن بە دوو بەشەوە، واتە بەشێکی خێزانەکان لەو جۆرانەن دەڵێن '' منداڵەکەم هیچ حاڵەتێکی نائاسایی نییە و ئەم مامۆستایە بەزۆر دەڵێت منداڵەکەم کێشەیەکی هەیە ''، بەشێک لە خێزانەکانیش دەڵێن '' منداڵەکەمان باردودۆخی زۆر خراپە لە کاتێکدا بارودۆخی منداڵەکەیان بەو شێوەیە خراپ نییە''.

شێوازی ژیانی تەندروست تاوەکوو چەند کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەخۆشیی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی هەیە؟  

ئەو دەرمان و چارەسەرانەی کە لەلایەن پزیشک و مامۆستای تایبەت و چارەسەرکاری دەروونییەوە منداڵەکە وەریدەگرێت شێوازی ژیان و کاتی خەوی منداڵەکە ڕێک دەکاتەوە.  

Loading related news...