
تەنیا هەشت رۆژ بۆ داشکاندنى قەرزى کۆنى پێش ڕووناکى ماوە و لە 19ـى ئەم مانگە ئۆتۆماتیکى داشکاندنەکە کۆتایی دێت و پاش ئەو وادەیە پێویستە ئەوانەى قەرزى کۆنیان لاماوەو نەیانگەڕاندووەتەوە بۆ حکومەت لەگەڵ پارەى پرۆژەى ڕووناکى لە ماوەى 50 ڕۆژدا پارەکە بدەن، ئەگەر نا ئۆتۆماتیکى کارەباکەیان دەکوژێندرێتەوە.
نووسینگەى سەرەکى پڕۆژەى ڕووناکى ئەوەی دووپاتدەکەنەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 24ـى ئەیلول تاوەکو کاتژمێر 12:00ـى شەوى 18ـى تشرینى یەکەم وەک دووەم دەرفەت، داشکاندنى قەرزى کۆنى بۆ ماوەی 25 ڕۆژ نوێ کردەوە، کە بۆ هاوبەشانى ماڵان و کشتوکاڵى 50% و بۆ پیشەوەران و پیشەسازى بچووک 25% بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 3ـى ئابى ئەمساڵ تاوەکو 10ـی ئەیلوول، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزى کۆنى کارەبایان گەڕاندووەتەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران لە 23ـى ئەیلول بڕیاردرا بە نوێکردنەوەى داشکاندنى قەرزى کۆنى کارەبا بۆ ماوەى 25 ڕۆژ کە لە 24ـی ئەیلوول تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم دەخایێنێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە داشکاندنى یەکەمى حکومەت لە نێوان 3ـى ئاب بۆ 10ـى ئەیلول نزیکەى 400 ملیار دینار پارە گەڕێندراوەتەوە بۆ حکومەتى کاربەڕێکەر و لە داشکاندنى دووەم لە 24ـى ئەیلول تاوەکو 8ـى تشرینى یەکەم نزیکەى 150 ملیار دینارى دیکە گەڕێندراوەتەوە، کە بە کۆى گشتیی دەکاتە نزیکەى 550 ملیار دینار.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا، لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و 250 هەزار هاوبەش هیچ قەرزێکی کۆنى کارەبایان لەسەر نەماوە.
پڕۆژەی ڕووناکی شێوازی قیستکردنی قەرزی کۆنی کارەبا ئاشکرا دەکات


.jpg)