ئاڵای "قەڵغانی شین" لەسەر پێگە کەلەپوورییەکانی عێراق دانرا

ئاژانسی یونسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە فەرمی، دانانی ئاڵای "قەڵغانی شین"ی لەسەر ژمارەیەک لە پێگە کەلەپوورییەکانی عێراق ڕاگەیاند.

مەترسی لەسەر پێگە کەلەپوورییەکانی عێراق هەیە

لە چوارچێوەی بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئاژانسی یونسکۆ جەختی لەوە کردەوە، "دانانی ئاڵای 'قەڵغانی شین' لەسەر ژمارەیەک لە پێگە کەلەپوورییەکانی عێراق، لە سایەی زیادبوونی مەترسییەکانە لەسەر کەلەپووری کولتووریی وڵاتەکە... کە بەهۆی ململانێکانی ناوچەکەوە لەسەریان دروستبووە."

"تەنیا ئەرکی حکومەتی عێراق نییە"

ئاماژە بەوەش دراوە؛ دانانی ئاڵای قەڵغانی شین لەسەر پێگە کەلەپوورییەکان، هەنگاوێکی ڕوون و کارایە بۆ باشترکردنی شێوازەکانی پاراستنیان.

بە گوتەی ئالێکساندرۆس ماکاریگاکیس، نوێنەری ئاژانسی یونسکۆ لە عێراق، "گرنگیی پاراستنی ئەم شوێن و پێگە کەلەپوورییانە، تەنیا ئەرکی حکومەتی عێراق نییە، بەڵکو ئەرکی مرۆڤایەتییە بە گشتی."

زۆربەی پێگەکان لە موسڵن

لە هەنگاوی سەرەتایی دانانی ئاڵای قەڵغانی شیندا، ژمارەیەک پێگەی گرنگی شاری موسڵ خراونەتە بازنەی پاراستنەوە، لەوانە:

  • مزگەوت و مۆزەخانەی نووری
  • منارەی حەدبا
  • کەنیسەی پاکیزە
  • مۆزخانەی موسڵ
  • دەروازەی ئەدەد
  • دامەزراوەی "بیتنا" بۆ کولتوور و هونەر و کەلەپوور

زۆربەی ئەم پێگە شوێنەوارییانەی ئاڵاکەیان لەسەر دانراوە، لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن ئاژانسی یونسکۆوە نۆژەنکراونەتەوە.

لایەنە عێراقییەکان دڵیان بەم دەستپێشخەرییە خۆشە

لای خۆیانەوە لایەنە عێراقییەکان پێشوازیی لەم دەستپێشخەرییەی یونسکۆ دەکەن، ڕوەید موەفەق، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی کەلەپوور و شوێنەواری نەینەوا، دەڵێت، "دانانی ئەم ئاڵایەی یونسکۆ، هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی باشتر پاراستنی پێگە کەلەپوورییەکانمان، هاوتای هۆشیارکردنەوە لەبارەی گرنگییان لە ئاستی جیهانییدا."

ئاڵای قەڵغانی شین چییە؟

لە ئاستی جیهانییدا، ئاڵای قەڵغانی شین، سیمبول و نیشانەیەکی دانپیادانراوی نێودەوڵەتییە، لایەنەکان بە بینینی ئەم نیشانەیە، دەزانن کە پێگەیەکی گرنگیی کەلەپووریی بوونی هەیە و لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا هەرکاتێک ئەم ئاڵایە ببینرێت، پێگەکە لە لێدان و بۆردومانکردن دەپارێزن؛ ئاڵای قەڵغانی شین، بیرهێنانەوەی لایەنەکانە لەبارەی بەرپرسیارێتییەکی جیهانیی هاوبەش، لەبەرامبەر پاراستنی کەلەپوور و مێژووی مرۆڤایەتی.

حەسەن فەلاح

Tue Mar 31 2026

Loading related news...