
لە پاراگوای، بەهۆی قەیرانێکی بانکییەوە متمانە لە سانتیاگۆ پێنا، سەرۆکی وڵاتەکە سەندرایەوە .
پێدرۆ ئالیانای جێگری، کرایە سەرۆکی نوێی پاراگوای.
ڕۆژی هەینی، باسیلیۆ نونێز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران ڕایگەیاند، پێنا تاوانبارە بە کەمتەرخەمی لە ئەرکەکانیدا، دوای ئەوەی 44 لە کۆی 45 ئەندامی ئەنجوومەن، دەنگیان دا بە لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی پێشوو.
دەسەڵاتدارانی پاراگوای چەند خولەکێک دوای لادانی، سەرۆکی پێشوویان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرد.
سەرەتای کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ 3ـی تشرینی دووەم، کاتێک بانکی ناوەندی پاراگوای، بانکی ئۆینۆی داخست.
کە بانکێکی دیجیتاڵی گەورەیە و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی پاراگوای هەژماریان تێیدا هەیە و دەرکەوت توانای دارایی زۆر کەم بووەتەوە و لە خوار ڕێژەی یاساییەوەیە.
دواتر بانکەکە، کارتەکانیان و لقەکانیان لە کارکەوتن، ئەمەش وایکرد هەژماری ملیۆنان کەس لە هاوڵاتییان و خانەنشینان، بلۆک بێت و پارەکانیان لەناو بانکەکەدا بمێنێتەوە.
لێکۆڵەرەکان بۆیان دەرکەوت، کۆمەڵێک قەرزی گەورە دراوە بە کۆمپانیاکانی سەر بە خاوەن بانکەکە، دواتر داواکاری گشتی چەندین لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد سەبارەت بە گەندەڵی دارایی و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 27 کەس دەرکرد، لەوانەش چەندین بەرپرسی باڵای بانکەکە.
ئالیانا، سەرۆکی نوێ، بەڵێنی داوە واز لە نزیکەی ئەو سێ ملیۆن کەسە ناهێنێت کە پارەکانیان لە بانکەکەدا هەڵگرتووە، لەنێویاندا خانەنشینان و گوتی:"ئەو هاونیشتیمانیانەی ئێستا بەهۆی داڕمانە داراییەکەوە بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبن، بە تەواوی قەرەبوو دەکرێنەوە".
لەبەر فشاری زۆری شەقام و ڕەخنەی پەیوەست بە کارە کۆنەکانی لەگەڵ بانکەکەدا، سەرۆکی پێشووی پاراگوای بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دا، بەڵام کۆنگرێس بەردەوام بوو لە سەندنەوەی متمانە لێی.
سندوقی گرەنتیی بانکی ناوەندی پاراگوای، دەستی بە ڕێکارەکانی قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتییان کردووە و لە قۆناغی یەکەمدا، نزیکەی هەزار و 600 دۆلار دەدرێت بەو کەسانەی قەرزیان نییە و هەژمارێکیان لە بانک یان دامەزراوەیەکی دیکەی پاراگوای هەیە بۆ وەرگرتنی پارەکە.
