
پوتن ڕایگەیاند، دانوستانە سێقۆڵییەکان لە ئیمارات دەستپێدەکات
پوتن: دانوستانی ڕووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا سێشەممە دەستپێدەکات
ڤڵادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕۆڵی ئیماراتی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا و دۆسییە مرۆییەکان بەرزنرخاند.
ڕۆژی سێشەممە دانوستانە سێ قۆڵییەکان لەبارەی ئۆکرانیاوە دەستپێدەکەن.
ڕووسیا سوپاسگوزاری دەسەڵاتی ئیماراتە، چونکە بەردەوام پاڵپشتی کردوون بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا.
دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لەسەر ئەم بابەتە ڕایگەیاند، ڤلادیمیر میدینسکی، ڕاوێژکاری کرێملن یەکێک دەبێت لە شاندی ڕووسیا کە بەشدارە لە دانوستانەکان ئەمە جگە لە جێگرەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە.
هەر لە شاندەکەی ڕووسیا، سەرۆکی هەواڵگری و بەرپرسێکی باڵای دەستەی ئەرکانی گشتی و بەرپرسانی دیکەی دیپلۆماسی تێدادەبێت.
کرێملن ئەوەشی پشتڕاستکردەوە، دانوستانەکان بەشێوەیەکی داخراو دەبێت و زیاتر باس لە گرەنتییە ئەمنییەکان دەکرێت.
بەگوێرەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بڕیارە لە کۆبوونەوەکان باس لە کەمکردنەوەی هەڵکشانە سەربازیی و کەیسە مرۆیی و هەنگاوەکانی داهاتووش بۆ گەشتن بە ڕێککەوتن بکرێت.
