پێکان کۆتایی بەم وەرزەی توبراک ڕازگاتلی هێنا

نەورۆز عوسمان3 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • ئەم وەرزەی توبراک ڕازگاتلی ئۆگلو لە پاڵەوانێتیی جیهانیی ماتۆڕسکیل بەهۆی پێکانێکی قورسەوە کۆتایی هات.

  • لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕازگاتلی نەشتەرگەری ئەنجام دەدات بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەیەکی تەندروست.

  • تیمی براماک ڕێسینگ بە ناچارییەوە ئۆگستو فرناندێزی وەکو جێگرەوەی ئەو شۆفێرە تورکە دیاری کرد.

  • ڕازگاتلی ئۆگلو لە یەکەم وەرزی خۆیدا لەم پاڵەوانێتییەدا لە پلەی 21ی ڕیزبەندی گشتیدایە.

تیمی براماک ڕێسینگ، کە لە پاڵەوانێتیی جیهانیی ماتۆڕسکیلدا کێبڕکێ دەکات، ڕایگەیاند کە توبراک ڕازگاتلی ئۆگلو بەهۆی پێکان لە شانیدا ناتوانێت لە قۆناغەکانی دیکەی ئەم وەرزەدا بەشداری بکات.

ڕازگاتلی ئۆگلو لە کاتی مەشقەکانی پێشبڕکێی گەورەی ئیندۆنیزیا تووشی دەرچوونی جومگەی شان بوو، بەڵام لەو کاتەدا لە هەردوو پێشبڕکێی خێرایی و سەرەکیدا بەشدار بوو.

ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: «دوای پشکنینی زیاتر، دەرکەوت پێکانەکەم لەوە قورسترە کە پێشبینی دەکرا، بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوودا نەشتەرگەری دەکەم بۆ ئەوەی بە تەواوی چاک ببمەوە و بگەڕێمەوە».

ئەم شۆفێرە تەمەن 30 ساڵانەیە، کە خاوەنی چەندین نازناوە لە سوپەر بایک و یەکەم ساڵیەتی لەم پاڵەوانێتییەدا، لە پلەی 21ی ڕیزبەندی گشتیدایە، بە گوتەی تیمەکەشی لە داهاتوودا ئۆگستو فرناندێز شوێنی دەگرێتەوە.

Loading related news...