
فەرماندەیەکی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران دەڵێت، ئێستا دروستکردنی مووشەک بۆ تاران لە دروستکردنی فەرش لە پێشترە.
ئەو فەرماندەیە دەشڵێت، زەمینەی لەبار بۆ دروستکردنی مووشەک لە ئێران هەیە.
عەلی بیلالی، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، پیشەسازیی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی پێگەیشتن و خۆبژێوی.
بەردەوامیی بەرهەمهێنانی مووشەک پشت بە توانا ناوخۆییەکانی وڵات دەبەستێت.
کەرەستە خاوەکان کە لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەق و شلدا بەکاردەهێنرێن، هەر لە ناوخۆی ئێران بەرهەم دەهێنرێن و بۆ ئەوەش زەمینەی باش و گونجاوییان ڕەخساندووە.
سەرجەم ئەو ماددە ڕەق و شلانە، لە یەکە پیشەسازیییە سەربازییەکانیاندا بەرهەم دەهێنرێت دواتر دەکرێنە چەک و کەرەستەی سەربازی.
سەرچاوەی دابینکردنی ئەو ماددە ڕەق و شلانە، ماددە کانزا و خاوە وەرگیراوەکانی ناو نەوتی وڵاتەکەیە.
قسەکانی بیلالی لە کاتێکدایە پیشەسازیی فەرشی ئێران سەردەمانێک هێمای شانازیی کولتووری وڵاتەکە بوو، فەرشی ئێرانی هەناردەی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکاوە بە خراپترین دۆخدا تێدەپەرێت.

