
وەزارەتی ناوخۆی عێراق یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی دەستپێکردووە.
یەکخستنى کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی لە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە دواى سەرى ساڵ.
میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ڕۆژنامەی فەرمیی سەباحی ڕاگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و زانیاری ئاگادارکراونەتەوە لەوەی دەستبکەن بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی.
بەگوێرەى وەزارەتی ناوخۆ، یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی لەڕێگەی ئەپێکی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت و پێویست بە دەرهێنانی کارتی نوێ ناکات.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەشێوازی ئەلیکترۆنی دەستیکرد بە پرۆسەی بەدیجیتاڵی کردنی هەردوو کارتەکە و داواشیکرد کە پڕۆسەکە خێرابکرێت.
لەوبارەیەوە عەمید ئاسۆ حەسەن، بەڕێوەبەری کارتی زانیاریی سلێمانی بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، "هیچ فەرمانێک یان نووسراوێکمان پێنەگەیشتووە، ئەوەی هەیە ئێستا لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە زانیارییەکانی هاوڵاتییان کەلە فەرمانگەی کارتی زانیارییە، دەنێرین بۆ کارتی نیشتمانی".
گوتیشی، "ئەگەر ئەو پرۆسەیەش دەستپێبکرێت، ئەمساڵ نابێت و لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ساڵی ئایندەوە، ئەمە جگە لەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی کارتی زانیاری هەر دەمێنن، بەڵام بەشێوەی ئەلیکترۆنی زانیارییەکان دەدرێت بە کارتی نیشتمانی".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو کارتە نوێیە وەک بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی دەبێت و سەرجەم زانیارییەکانی کەسەکەی تێدا دەبێت، وەک. پێشینەی تاوان. ئەو موڵک و سامانەی بەناویەوە هەیە یان هەر زانیارییەکی گرنگ لەبارەی کەسەکەوە.