چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی و ڕێکارە گومرگییەکان دەرکرا

باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق
باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • زەیدى سەرپەرشتى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەقامگیری دارایی و بانکە حکومییەکانى کرد.

  • زەیدى چەند ڕێنماییەکی لەبارەى دابینکردنى دۆلار و سەقامگیری بازاڕەکان دەرکرد .

  • زەیدى بانکی بازرگانیی عێراقی ڕاسپارد بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی پەسەندکراو.


نووسینگەى ڕۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکوەزیران بانکە حکومییەکانی ڕاسپارد بە ئاسانکردنی ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ، هەروەها وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بە ئاسانکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج و ڕەسمی گومرگی کە بەسەر کاڵا و شمەک و بەرهەمە هاوردەکراوەکاندا سەپێنراون.


بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە:

  • سەرۆکوەزیران بڕیارى پێکهێنانی لیژنەیەکی دا، کە ژمارەیەک لە وەزیر و سەرۆکی دەستە پەیوەندیدارەکان لەخۆبگرێت.

  • لیژنەکە ئەرکی ئامادەکردنی ڕاسپاردەی پێویست سەبارەت بە پێناسەی گومرگی بگرێتە ئەستۆ.

  • بە مەرجێک لیژنەکە لەماوەى 72 کاتژمێردا ڕاپۆرتى خۆى پێشکەش بکات.

  • لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بانکی بازرگانیی عێراقی ڕاسپارد بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی پەسەندکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

  • هەروەها داواشى کرد، لێکۆڵینەوە بکرێت لە ئەگەری فراوانکردنی ڕۆڵی بانکەکان لە پارەدارکردنی کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمیی پەسەندکراو و بە بڕى 100 هەزار دۆلار لە مانگێکدا، بەگوێرەى ڕێنمایی و توانا بەردەستەکان.

لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، سەرۆکوەزیران سەرجەم بانکە حکومییەکانی ڕاسپارد، بە ئاسانکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کۆمپانیاکان و هاوڵاتییان و تەواوکردنیان لە ماوەیەکدا کە لە 24 کاتژمێر تێپەڕ نەکات، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێکارە کارگێڕییەکان و خێراکردنی مامەڵە بانکییەکان.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێت بە گەشتیاران

شۆڕش محەمەد

Sat Nov 21 2026

Loading related news...