کۆمیسیۆن: ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کارتی بایۆمەتری مەرجی سەرەکیی دەنگدانە

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، ئامادەین بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.

  • گوتەبێژى کۆمیسیۆن دەڵێت، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە.

  • گوتەبێژى کۆمیسیۆن ڕاشیگەیاندووە، کارتى بایۆمەتریى دەنگدان مەرجى سەرەکى بەشدارییکردنى دەنگدەرە لە هەڵبژاردن.


گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و، پێویستە کۆمیسیۆن و سەرۆکوەزیران پێکەوە وادەکە دیاریبکەن. هەڵبژاردنەکە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە.


جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق:

  • تاوەکو ئێستا بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکان مەرجى دەنگدان هەبوونى کارتى بایۆمەترى دەنگدانە و ئەگەر یاساکە هەموار بکرێت و کارتى نیشتمانى بکرێتە پێوەرى دەنگدان، کۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنى ئەم ڕێکارە.

  • کۆمیسیۆن لە بارەی بودجەوە لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ گفتوگۆ دەکات بۆ دابینکردنى بودجەى هەڵبژاردنەکان.

  • داواشمان لە وەزارەتى ناوخۆ کردووە سەرجەم زانیارییەکانى پەیوەست بە دەنگدەرانیان ئاڕاستەبکەن.

  • پێویستیان بە نۆ بۆ 10 مانگە بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت کە کارتى دەنگدان مەرجى بەشدارییکردنى دەنگدەرە لە هەڵبژاردن یاخود کارتى نیشتمانی.

دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ڕۆژى 18ى کانوونى یەکەمى 2023 کراوە و نزیکەى یەک ساڵى ماوە بۆ کۆتاییهاتنى وادەى یاسایی ئەم خوولەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە هەرێمى کوردستانیش لە 30 نیسانى 2014 دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کراوە و لەوکاتەوە هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاکان نەکراوە، لە 24ى ئەیلولى 2023 دادگاى فیدراڵى عێراق کۆتایی بە کارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هێنا بەهۆى بەسەرچوونى ماوەى یاسایی تەمەنى ئەنجوومەنەکان و ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

Loading related news...