
هەسارەی عەتارد لە مانگ گەورەترە و بەرگەهەوای نییە.
ئاژانسەکانی گەردوونناسی گرنگییەکی تایبەت بە هەسارەکە و توێژینەوەکان لەبارەیەوە دەدەن.
یەکێکیشە لەو هەسارانەی لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت.
دوای گەشتێکی هەشت ساڵە بەناو کۆمەڵەی خۆردا، بێپی کۆڵۆمبۆ توانی ئەمڕۆ لە خولگەی هەسارەی عەتارد جێگیر بێت، بە ئامانجی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی بچووکترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر، کە بەگوێرەی خولانەوەکەی لەنێوان 77 بۆ 222 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.
بەناوی زانای گەردوونناسیی ئیتاڵییەوە ناونراوە.
لە دوو کەشتیی ئاسمانی پێکدێت، یەکێکیان لەلایەن ئاژانسی ئاسمانیی ئەورووپی و ئەوی دیکەیان لەلایەن ئاژانسی ژاپۆنییەوە بەڕێوەدەبرێت.
بڕیارە مانگی داهاتوو ئەو دوو کەشتییە لێک جیاببنەوە بۆ ئەوەی نەخشەی هەسارە بچووک و گەرمەکە لە بەرزاییە جیاوازەکانەوە بگرن، تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
بێپی کۆڵۆمبۆ سێیەم ئەرکی بۆشایی ئاسمانە بۆ هەسارەی عەتارد، کە نزیکترین هەسارەیە لە خۆرەوە و تەنیا کەمێک گەورەترە لە مانگ.
ئەمە یەکەم ئەرکە لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵدا کە بتوانێت بگات بە خولگەی ئەو هەسارەیە.
تێچووی ئەم ئەرکە ئاسمانییەش نزیکەی دوو ملیار دۆلارە.
سەرکەوتنی ئەم ئەرکە زانیاریی وردتر لەسەر بۆشایی و هەسارەی عەتارد ئاشکرا دەکات و لە ئێستاوە تیمە تایبەتمەندەکان دەستیان کردووە بە پشکنینی ئەو زانیارییانەی لەلایەن کەشتییە ئاسمانییەکەوە دەگوازرێنەوە.
ئەوەی دەربارەی هەسارەی عەتارد سەرنجڕاکێشە، جیاوازیی پلەکانی گەرمایەتی لەنێوان شەو و ڕۆژدا. ئەم هەسارەیە بەرگەهەوای نییە، لە ڕۆژدا کە تیشکی خۆر لێی دەدات پلەی گەرما دەگاتە 430 پلەی سیلیزی، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای خۆرئاوابوون پلەکە دادەبەزێت بۆ 180 پلە ژێر سفر. لەم کاتەدا هەسارەی عەتارد نزیکەی 153 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە، واتە تیشکێکی ڕووناکی لە عەتاردەوە تاوەکو دەگاتە زەوی، 8 خولەک و 32 چرکە دەخایەنێت.
بۆ بینینی هەسارەی عەتارد بە چاو لە ئاسماندا، لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە شاری سلێمانی، ئەگەر کاتژمێرێک بەر لە خۆرهەڵاتن بەرەو ئاسۆی ڕۆژهەڵات یان باشووری ڕۆژهەڵات بڕوانیت دەیبینیت، بەتایبەت لەم ڕۆژانەی کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا کە عەتارد لە دوورترین خاڵی گۆشەیی خۆیەتی لە خۆرەوە و بە باشی دەردەکەوێت.
