
لەچوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 11ـی سوپەرلیگی تورکیادا، کاتژمێر 19:00ـى ئێوارەى ئەمڕۆ ، یانەى گاڵاتاسارای لەنێو یاریگای خۆیدا، میوانداری یانەی ئامەدسپۆر دەکات.
پێش ئەم یارییە گاڵاتاسارای 25 خاڵی هەیە و پێشەنگی سوپەرلیگە. ئامەدسپۆریش 23 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمدایە.
گاڵاتاسارای ئامانجیەتی درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات و لە پێشەنگی خولەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام ئامەدسپۆر دەیەوێت پلەی یەکەم و پێشەنگیی ڕیزبەندیی سوپەرلیگ لە بەهێزترین یانەی تورکیا و ئیستانبوڵ وەربگرێتەوە.
بەهۆی ئەوەی ئامەدسپۆر یەکەمجارە لە سوپەرلیگ بەشدارە، ژمارەی یارییەکانی بەرامبەر یانەکەی ئیستانبوڵ سنووردارە و لە ڕابردوودا تەنیا دوو جار لە جامی تورکیادا ڕووبەڕووی گاڵاتاسارای بووەتەوە.
لە یاری یەکەمدا کە لە ئامەد بەڕێوەچوو، گاڵاتاسارای چوار بە یەک لە ئامەدسپۆری بردەوە و لە یاری دووەمدا کە لە ئیستانبوڵ کرا، ئامەدسپۆر بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە گاڵاتاسارای بردەوە.