خواستی جیهانی لەسەر خەڵووز گەیشتە لوتکە؛ 8 ملیار تۆنی تێپەڕاند

کارکردن لەکانێکی خەڵووز لە چین. فۆتۆ: AP
کارکردن لەکانێکی خەڵووز لە چین. فۆتۆ: AP

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە دوایین ڕاپۆرتیدا زەنگێکی نوێی لەبارەی وزەوە لێدا و ئاشکرای کرد، لەمساڵدا خواست لەسەر بەکارهێنانی خەڵووز گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بوونی گرفت لە دابینکردنی گازی سرووشتی لەسەر ئاستی جیهان.

ئامارەکانی بەکارهێنان و پێشبینییەکان

بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسەکە، بەکارهێنانی خەڵووز لەمساڵدا بەڕێژەی 0.5% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 8 ملیار و 85 ملیۆن تۆن. پێشبینی دەکرێت ئەم بەرزبوونەوەیە سنووردار بێت و تەنیا تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوام بێت، دواتر بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی و باشتربوونی دۆخی دابینکردنی گازی سرووشتی، بەکارهێنانی خەڵووز ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات.

ئامانجەکانی لوتکەی کەشوهەوا

ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە ڕێکخراوە ژینگەییەکان هەوڵی چڕ دەدەن بۆ کەمکردنەوەی سووتەمەنییە بەردینەکان و ڕووکردنە وزەی نوێبووەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت جیهان قۆناغ بە قۆناغ پشتبەستن بە خەڵووز کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی لوتکەی کۆپ (COP)، کە تاوەکو ئێستا 30 خولی لێ بەڕێوەچووە.

بەکارهێنەرە سەرەکییەکان

هەریەک لە ئەمریکا، چین و هیندستان وەک گەورەترین بەکارهێنەرانی خەڵووز لە جیهاندا دەمێننەوە. لەم نێوەندەدا چین پابەندبوونی خۆی بە بەرهەمهێنانی وزەی پاک دووپات کردووەتەوە، لە بەرامبەردا لە ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتییەوە، جارێکی دیکە خواست لەسەر بەکارهێنانی خەڵووز زیادی کردووەتەوە.

Loading related news...