
لە پارێزگای تەعز لە یەمەن هێرشکرایە سەر بازاڕێکی میاـلی و دەیان کوژراو و برینداری سڤیلی لێکەوتەوە.
حوسییەکان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی یەمەن یەکتر بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار دەکەن.
لە ڕاگەیێنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی سەبای سەر بە حوسییەکان بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوەکراوە کە ژمارەی کوژراوانی هێرشی سەر ئەو بازاڕەی باشووری ڕۆژئاوا یەمەن، بەرزبووەتەوە بۆ لانیکەم 30 کوژراو و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
حوسییەکان دەڵێن، هێرشەکە لە لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی سعودیە و لەڕێگەی سێ هێرشی ئاسمانییەوە ئەنجامدراون.
پێگەی فەرمیی حکومەتی یەمەن هەواڵەکەی بە پێچەوانەوە گیڕاوەتەوە و حوسییەکان بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکەن.
حکومەتی یەمەن هێرشەکە سەرکۆنە دەکەن و بە توندی ڕەتیدەکەنەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان لە ناوچەی ئەلوازعییە لە پارێزگای تەعز ئەنجامدابێت.
حکومەتی یەمەن حوسییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە مووشەکێکی بالیستیکی هێرشیان کردووەتە سەر بازاڕەکە، هاوکات کوژرانی 30 کەسی سڤیل و برینداری بوونی دەیانی دیکەیان پشتڕاستکردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا سەرچاوە سەربەخۆکان نەیانتوانیوە بە وردی جۆری چەکی بەکارهاتوو و ژمارەی تەواوی قوربانیان لەو هێرشەدا پشتڕاست بکەنەوە.

