شەپۆلێکی نوێی هۆشداری لە بوونی بۆمب فڕۆکەخانەکانی ئەورووپای گرتووەتەوە

پووختەی هەواڵەکە

  • فڕۆکەخانەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا و پورتوگال ئاگادارکردنەوەی ئەمنییان پێگەیشتووە.

  • ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن لە ئێرلەندا ئاگادارکردنەوەی بوونی بۆمبیان پێگەیشتووە.


شەپۆلێکی ئاگادارکردنەوەی هەبوونی بۆمب لە فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستی پێکردووە کە بووەتە هۆی گۆڕینی ئاڕاستە و هەڵوەشاندنەوەی دەیان گەشت و ئەنجامدانی نیشتنەوەی خۆپارێزی.


وڵاتانی ئەورووپا

  • لە فەرەنسا، نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە چوار ئاگادارکردنەوەی نوێ دا سەبارەت بە هەبوونی بۆمب کە گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج، بەبێ ئەوەی وردەکارییان ئاشکرا بکرێت.

  • لە پورتوگال، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "ڕایان ئێر" کە لە ڕۆماوە بەرەو لیسبۆن دەڕۆیشت، ئاگادارکردنەوەی لەبارەی هەبوونی بۆمبەوە پێگەیشت، دواتر پۆلیسی پورتوگال پشتڕاستی کردەوە، دوای پشکنینی وردی فڕۆکەکە و کەلوپەلی گەشتیاران، هیچ شتێکی گوماناوی نەدۆزراوەتەوە.

  • لە ئیتاڵیاش، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "ویز ئێر" کە لە پراگەوە بەرەو ڕۆما دەچوو، گۆڕانکاری لە ئاڕاستەی گەشتەکەیدا کرا بەرەو ڤینیسیا، دوای ئەوەی تاوەرێکی چاودێری پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نەناسراوی پێگەیشتبوو، فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتەوە و پشکنینی پێویستی بۆ ئەنجامدرا.

  • پۆلیسی کۆماری چیک ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە چەند هۆشدارییەک دەکات سەبارەت بە 9 گەشتی فڕۆکە کە گوایە بە بۆمب کراونەتە ئامانج، لە کاتێکدا ڕێکاری ئەمنی زیاتر لە فڕۆکەخانەی پراگ دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

  • لە دانیمارکیش، پۆلیس بەشێوەیەکی خۆپارێزانە لە فڕۆکەخانەی کۆپنهاگن بەردەوامە لە ڕێکارە ئەمنییەکان و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی هەڵسەنگاندنە بەراییەکان هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتیی گەشتیاران نییە.

  • لە ئێرلەنداش پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چەند ئیمەیڵێکی ئاگادارکردنەوە دەکات کە ئاڕاستەی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن کرابوون لە دەبلن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دوای پشکنینی باڵەخانەکان ڕایانگەیاند، بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئاگادارکردنەوەکانی نەگرتووەتە ئەستۆ کە کاریگەرییان لەسەر دەیان گەشت لە وڵاتانی ئەورووپا هەبوو.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

Loading related news...